سەردێر

فازڵ حاجی: لەدوای ڕووداوێكی هاتووچۆ كارەساتێك دروستبوو

خەڵك

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: بەهۆی دوو ڕووداو 3 كەس گیانیان لەدەستدا و 12 كەسی تریش برینداربوون.


مقەدەم فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە: “كاتژمێر 6و11ی شەوی ڕابردوو لەسەر ڕێگای سەرەكی هەولێر مەخمور لەنزیك پیرداود ئۆتۆمبێلێكی (لانسەر/ تایبەت) ئۆتۆمبێلێكی (ئۆپڵ / تایبەت)ی ڕادەكێشا، كە لە كاركەوتبوو، شوفێرەكەی بە لەناكاوی ویستی پێچبكاتەوە بە ئاڕاستەی گەڕانەوە بۆ هەولێر، بۆیە لانسەر و ئۆپڵ لەو حاڵەتە بوونە هۆی داخستنی ڕێگاكە، لەو كاتەش تاكسییەكی (تۆیۆتا / كۆرۆلا) لە دوایان هات و خۆی پیاكێشان، لەئەنجامیشدا شوفێری هەر سێ ئۆتۆمبێل برینداربوون”.

مقەدەم فازڵ حاجی ئاماژەی بەوەشداوە،” لەدوای ڕووداوەكە خەڵك لەسەر شەقام كۆبوونەوە بۆ بەهاناوەچوونی بریندارەكان و بۆ سەیركردنی ڕووداوەكە، لەدوای ئەوە بە دوو خولەك ئۆتۆمبێلێكی جۆری (ئەڤیۆ / تایبەت) لەگەڵ ئوتومبێلێكی تری نەناسراو كە پێدەچێت زۆر خێرا بووبن خۆیان بەناو ئاپۆڕەی خەڵكەكەدا كرد كە كۆببوونەوە لەشوێنی ڕووداوی یەكەم، بەداخەوە لەو ڕووداوەشیان 3 كەس گیانی لەدەستدا 9 كەسی تریش برینداربوون”.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، كۆی گشتی زیانەكان لەهەردوو ڕووداو (3) حاڵەتی گیانلەدەستدان و (12) بریندار و (5) ئۆتۆمبێلیش زیانی ماددی هەمەجۆریان بەركەوت، دەشڵێت:”بەداخەوە بۆ هەموو ئەو زیانانە لەكاتێكدا دوێنێ جەژن بوو”.