سەردێر

قوباد تاڵەبانی: حكومەت ڕووبەڕووی قەیرانەكان بووەتەوە

خەڵك

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی دوو ساڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ڕووبەڕووی قەیرانەكان بوونەتەوە و بڵاوبوونەوەی كۆرۆناش كاریگەری زۆر بۆ حكومەت دروستكردووە.

بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دیمانەیەكی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگیری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سازداوە، لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی هەرێم و حكومەت بوونەوە و ئەو بەرنامە و پلانانەی كە ئێستا لە نیوەی جێبەجێكردنیاندان بۆ گەیاندنی خزمەتی زیاتر بە فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و چاكسازی لە كاری كارگێڕی.

لە دیدارەكەدا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ” دوو ساڵی قورس بووە.. بەڵام حكومەت بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵی دا ئیدارەی ئەم دۆخە بدات.”

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان،”ئێمە چاوەڕێین كێشەی كۆرۆنا خەفیفتر ببێت و‌ كاریگەرییەكانی كەمتر ببنەوە تا بازاڕ و بازرگانی زیاتر بكات.”

لەبارەی گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كردووە، “ڕاستە بەشێكی زۆری ئەو گفتوگۆیانە پەیوەندییان بە مەسەلەی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانەوە هەبوو، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەدا باسی سیاسەتی نەوتی عیراق و سیاسەتی نێودەوڵەتیمان دەكرد بۆیە پەیامێكان گەیاند كە راستە ئێمە پابەندین بە دەستوور و جێبەجێكردنی دەستوور و حەق و شایستەكانی هەرێمی كوردستان.”

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كردووە، “كە یەكەمجار ڕۆیشتین بۆ بەغدا جەوێكی زۆر نا تەندروست هەبوو و‌ لێكدانەوەیەكی زۆر هەڵەو مەترسیدار هەبوو لەسەر هەرێمی كوردستان و‌ ژینگەی سیاسیی عیراق زۆر دژی هەرێمی كوردستان بوون و ئێمە تۆمەتبار دەكراین بە بەشێكی كێشەی ناوەڕاست و باشووری عێراق و تۆمەتبار دەكراین بەو كەموكورتیانەی كە لە عیراق هەبوون.”

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، “بەداخەوە وای لێهاتووە هەموو قەزیەی كورد لە مووچە و بودجە سنووردار كراوەتەوە كە وانییە،‌ چونكە چەندین مەلەفی تری گەورە هەن كە حەقی خۆمانە پێداگرییان لەسەر بكەین و گفتوگۆیان لەبارەوە بكەین، بۆیە دەبێت سەردانەكانمان بۆ بەغدا زیادتر بكەین و بەردەوام بین تا دەستەبەریان بكەین.”

قوباد تاڵەبانی لەبارەی ئیدارەدانی قەیرانەكان و چاكسازیشەوە ڕایگەیاندووە، “شەش حەوت ساڵی قورسمان تێپەڕاندووە و دەتوانم بڵێم ئیدارەی قەیرانەكانمان داوە. هەر لە ساڵی 2014ی زایینییەوە‌ قەیرانەكان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بە ‌بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی فیدراڵی‌ و ‌شەڕی نەگریسی داعش و ‌هاتنی ئاوارە و پەنابەرێكی زۆر كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد و كولفەیەكی یەكجار زۆری خستە سەر هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ‌دابەزینی نرخی نەوت و ئەو كێشە سیاسییە دەرەكی و ناوچەیی و نێوخۆییەی هەبوون، لەو شەش حەوت ساڵەدا ئیدارەی ئەو قەیرانانەمان داوە، ئیتر‌ باش یا خراپ خەڵك دەتوانێ هەڵمان سەنگێنێت، بەڵام ئیدارەمان دا. ئێستا كە ئیدارەمان داوە، ئەو قەیرانانە ناچاریان كردین دەست بۆ هەندێك چاكسازی ببەین، هەندێك لەو چاكسازییانە خەریكن بەرهەمیان دەبێت. چاكسازی سویچێك نییە دایگرسێنیت و بیكوژێنیتەوە!‌ چاكسازی بەردەوامە و دەبێت بەردەوام بین لەسەری، بەڵام خەریكە له ‌پاڵ ئیدارەدانی قەیرانەكان كە بە ‌داخەوە یەك و دووانیش نەبوون، خۆشمان بۆ قەیرانی داهاتووش ئامادە دەكەین، چونكە بەداخەوە ئێمە لە ناوچەیەكین كە قەیران لە دوای قەیرانی تێدا دروست دەبێت”.