سەردێر

دواین زانیاری لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەخرێتەڕوو

خەڵك

دوای ئەوەی ھەردوو یەكەی حەفتا و ھەشتا بڕیاریاندا بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە ئاشكرایكرد، لە ئێستادا ئەو ھێزانە خەریكی خۆ ڕێكخستنەوەن بۆ ئەوەی بێنە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە سەرۆكایەتی ھەرێم كار بۆ پێكھێنانی چەند فەرماندەیەك دەكرێت.

لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاندووە، “لە ساڵی ڕابردووەوە وەزارەتی پێشمەرگە ئاگاداری ھەردوو یەكەی حەفتا و ھەشتای ھێزی پێشمەرگە كردووە لە دوو ھەنگاودا بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، ئەویش لە قۆناغی یەكەمدا ئەو ھێزانە ڕێكبخرێنەوە و دواتر یەكبگرنەوە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، چونكە شێوەی پێكھاتەی ئەو ھێزانە وەك وەزارەتی پێشمەرگە نییە و سەرەتا دەبێت خۆیان لەگەڵ سیستمی ھێزەكانی سەربە وەزارەت بگونجێنن، ئینجا دەست بە پڕۆسەی یەكخستنەوەیان بكرێت”.

جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە وتیشی: “لە ئێستادا ھەردوو یەكەی حەفتا و ھەشتا خەریكی ڕێكخستنەوەی ھێزەكانیانن، تا وەك لیواكانی سەر بە وەزارەت ڕێكبخرێن”.

لەبارەی پەیكەری ئەو ھێزانەی دەچنە سەر وەزارەت، لیوا قارەمان ئاماژەی بەوەكردووە: “ھاتنی ئەو ھەموو لیوایەی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە، كۆنتڕۆڵكردنیان ئاسان نییە، لەبەر ئەوەش پێویستە لە كاتێكی زوودا فەرماندەییەكان دروست بكرێت، ئەو بابەتە ئێستا لە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستانە، تا بزانین ژمارەیان چەند دەبێت و پێكھاتەیان چۆن دەبێت”.

لیوا قارەمان شێخ كەمال ئەوەشی خستەڕوو، “ھێزی پشتیوانی یەك ھاتووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و فەرمانەكەی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە، ھێزی پشتیوانی دووش بڕیاری داوە بێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و نووسراویان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بۆ دەركردنی فەرمانەكەیان”.