سەردێر

هەولێر، جۆرە ئۆتۆمبێلێك قەدەغە دەكرێت

خەڵك-
بۆ مەبەستی ڕێگرتن لە دەستدرێژیكردنە سەر تۆڕی كارەبای گشتی، پارێزگاری هەولێر بڕیاردەدات بەقەدەغەكردنی هاتووچۆی ئەو ئۆتۆمبێلانەی پەیژەی كارەباییان لەسەرە.


بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن نوسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە بڵاوكرایەوە”ئاگاداری هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر دەكەینەوە، بۆبەرژەوەندی گشتیی و بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە سەرپێچیەكانی سەر تۆڕی كارەبا، بڕیارماندا بە قەدەغەكردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی پەیژە هەڵگر، جگە لەو حاڵەتانەی كە بە نووسراوی فەرمی ڕێگە پێدراون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەباوە بۆ جێبەجێكردنی كاری فەرمی دیاریكراو لە سنووری چالاكی بەڕێوەبەرایەتییەكە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”هەركەسێك پابەند نەبێت لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە دەستگیردەكرێت و ڕێكاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر”.

تۆڕەكانی كارەبا لە پارێزگای هەولێر، بەشێوەیەكی نایاسایی لەلایەن هەندێك لە هاووڵاتیانەوە دەستدرێژی دەكرێتە سەرییان و زیادەڕوییان تێدا دەكرێت، لایەنە بەرپرسەكانیش تائێستا نەیانتوانیوە بە تەواوەتی ئەو دیاردەیە بنبڕبكەن.