سەردێر

شارەزوور.. نزیكەی 400 خێزان بێ كارەبای نیشتمانی و مۆلیدەن

خەڵك – یەحیا حبیب

نزیكەی پێنج ساڵە بەشێك لە هاووڵاتیانی كۆمەڵگای نەسری سەر بە شارەدێی وارماوا كارەبای مۆلیدەی ئەهلییان نییە و ڕۆژانە بە چاوەڕوانی كارەبای نیشتیمانییەوە بەڕێ دەكەن.

شوانە ئەحمەد، هاووڵاتییەكی دانیشتووی كۆمەڵگای نەسری سەر بە شارەدێی وارماوایە و لە لێدوانێكیدا بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، “دوای ئەوەی بەستنی جۆزەی 20 ئەمپێری لە سنووری شارۆچكە و شارەدێیەكانی پارێزگای سلێمانی دەستی پێكرد لە سنووری كۆمەڵگای نەسریش لە ساڵی 2016 بەسترا و ماوەی دوو ساڵ كارەبای 24 كاتژمێری نیشتمانیمان هەبوو، بەهۆیەوە بەشێكی هاووڵاتیان ئامادە نەبوون بۆ مانەوەی مۆلیدە ئەهلییەكە بڕە پارەیەكی ڕەمزی بدەن و بەهۆیەوە خاوەنەكەی لایبرد ”.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی، ”كارەبا 24 كاتژمێرییەكە ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام دواتر كێشەی كەمی كارەبا دەستی پێكرد و لە زۆرینەی شوێنەكان ئەم كێشەیە بەدی كرا و ئێمە و زۆرینەی هاووڵاتیان بۆ پڕكردنەوەی بڕانی كارەبای نیشتمانی پێویستمان بە مۆلیدەی ئەهلی بوو بەڵام پێشتر لە سەر داوای زۆری هاووڵاتیان لا برا ”.

شوانە ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “لە ئێستادا لەم كاتەی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بە تایبەت لە ناوچەی شارەزوور كاتژمێر 5 كارەبای نیشتمانی نامێنێت تا كاتژمێر 1ی دوا نیوەڕۆ و زۆرجار لەو كاتەش درێژتر دەبێتەوە و نەبوونی كارەبا كێشەی بۆ منداڵان هاووڵاتیانی ناوچەكە دروست كردووە بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرما ”.

ئەو هاووڵاتییەی دانیشتووی كۆمەڵگای نەسر ئاماژەی بۆ ئەوەشدا، “ئێستا ماوەی دوو ساڵە كانی ساردی یەك مۆلیدەی ئەهلی دانراوە بۆی و لە دوای نزیك بە پێنج ساڵیش لە كانی ساردی دووش كە خانوی ئێمەی تێدایە لە ئێستادا كارەكانی زۆرینەی تەواو بووە دەكرێت لە ماوەیەكی نزیكدا بكەوێتە كار ”.

بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و ئامادەكاری خوێندكارانی پۆلی 12 ئامادەیی بۆ تاقیكردنەوەی نیشتیمانی بەشێك لەو خێزانانەی ناچار كردووە كە مۆلیدەی بچوك بۆ ماڵەكانیان بكڕن.

لای خۆشیەوە ئاوارە حەمە شەریف، بەڕێوەبەری شارەدێی وارماوای سەر بە شارۆچكەی شارەزوور بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، “لە چوارچێوەی بەدواداچوونەكانمان بۆ كێشەكانی سنوورەكەمان دیارە كانی ساردی دوو، دوای بەستنی جۆزەی 20 ئەمپێری بۆ كۆمەڵگای نەسر لە 2016 بۆ ماوەی دوو ساڵ كارەبای نیشتمانی 24 كاتژمێریان هەبووە و داوایان كردووە مۆلیدە ئەهلییەكان لابەن ”.

وتیشی، “دیارە ئەم كارەبا 24 كاتژمێرییە ماوەی 2 ساڵ بەردەوامی هەبووە و دواتر كێشەی كەمی كارەبا دروست بووە هەر بۆیە هاوڵاتیانی ناوچەكە پێویستیان بە پڕكردنەوەی كاتژمێرەكانی كارەبا هەبووە لە كانی ساردی یەك و كانی ساردی دوو لە كۆمەڵگای نەسری سەر بە شارەدێیەكەمان ”.

بەڕێوەبەری شارەدێی وارماوا ڕاشیگەیاند، “دیارە لە كانی ساردی یەك ماوەی دوو ساڵە مۆلیدەی ئەهلی دانراوە كە كاتژمێرەكانی نەبوونی كارەبای نیشتمانی پڕدەكاتەوە، بەڵام كانی ساردی دوو لە ئێستادا دانانی مۆلیدەی ئەهلی كارەكانی تەواو بووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو بە تەواوی دەكەوێتە كار و هاووڵاتیانی ناوچەكە بێ كارەبا نابن ”.

ئاشكراشیكرد، “ئێمە لە مانگی ڕەمەزانەوە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی كەسێك بێتە پێشەوە بۆ دانانی مۆلیدەیەكی ئەهلی بۆ ماڵانە چونكە تا دێ پلەكانی گەرما بەرز دەبێتەوە و هاووڵاتیانی ناوچەكە پێویستیان بە كارەبا هەیە بۆ كارپێكردنی هۆكارەكانی فێنككەرەوە و خۆشبەختانە لە ئێستا كەسێك هاتووەتە پێشەوە تەواوی هەوڵی خۆمان دەدەین كە ئاسانكاری بۆ ئەنجام بدەین ”.

بەڕێوەبەری شارەدێی وارماوا دەشڵێت، “كانی ساردی دوو لە كۆمەڵگای نەسر ماڵەكانی لە یەكەوە دوورن زۆر كەس بەو هۆیەوە نەدەهاتە پێشەوە بۆ دانانی مۆلیدەی ئەهلی بۆ ئەو خێزانانە و هەر بۆیە ماوەیەكی زیاتری پێچوو بۆ دانانی ”.

كۆمەڵگای نەسر پێكهاتووە لە (كانی ساردی یەك و كانی ساردی دوو لەگەڵ و بلۆكی 13)دا لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە شارەدێی وارماوای شارۆچكەی شارەزوورە و لە ڕووی جوگرافیاوە دەكەوێتە سەر ڕێگای سەرەكی (عەربەت – دەربەندیخان)، بە پێی ئەو ئامارانەی دەست (تۆڕی میدیایی خەڵك) كەوتووە ژمارەی دانیشتووانی ئەو كۆمەڵگایە نزیكەی 400 خێزانە.