سەردێر

ڕێکخراوێکی تایبەت بە ئازادی بیروڕاو میدیا، داوایەک ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم دەکات

خەڵک

ڕێکخراوێکی تایبەت بە ئازادی بیروڕاو میدیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا، رایگەیاندووە؛ دۆسیەی گیراوانی بادینان و ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی سیاسی و دادگاکان لەگەڵ ئەم کەیسەدا کردیان و سەرنجامی کۆی دۆسیەکە، شكۆی دادگاكان‌ و سەورەیی یاسای لە هەرێمی كوردستان خستەژێر پرسیاری گەورەوە.

داواکاریشن، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت و وەفاداربێت بەرامبەر لێدوانەکانی پێشووی خۆی لەسەر ئەم کەیسەو بڕیاری لێبوردنی تایبەت بۆ حوكمدراوەکانی بادینان دەربکات.

دەقی ڕاگەیەنراوەکە

بۆ:

– رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان

– باڵوێزخانەكانی عیراق ‌و قونوسوڵخانەكانی هەرێمی كوردستان

– رێكخراوەكانی نێودەوڵەتیەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین

– رێكخراوە جەماوەری ‌و ناحكومیەكان‌و میدیاییەكان

بابەت/ راگەیەنراوی ناڕەزایی دەربڕین

ئەگەرچی، سەرجەم جاڕنامە‌ و رێكەوتننامە جیهانی ‌و نێودەوڵەتی ‌و هەرێمایەتیەكان ‌و دەستووری عیراق ‌و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان، بە ماددە ‌و بڕگەی تایبەت جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە هەموو كەسێك مافی پەیڕەوكردنی ئازادی رادەربڕن‌ و گوزارشتكردنی هەیە.

هەرچەندە بەردەوام ڕاپۆرتی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ‌ و ئازادی رادەربڕین، جەخت لەسەر چاککردن و کەمکردنەوەی پێشێلكارییە یاساییەكانی دژ بە ڕۆژنامەنوسان ‌و ئازایخوازان دەكەنەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەبێ گوێدانە پرەنسیپەكانی ئازدای‌ و مافەكانی مرۆڤ، هەنگاوە ستەمكارییەكانیان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان زیاترو زیاتر دەبێت‌و ئەویش بە دەستگیركردن‌و لە زیندان توندكردن ‌و سەپاندنی حوكمی ناڕەوا بەسەریاندا کە دوورە لە هەموو یاسا و رێسا ناوخۆیی ‌و نێودەوڵەتیەكان. ئازادیخوازان، بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ سەرەئەنجام دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، بەبێ گوێدانی فشارە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیەكان، لەڕێی دادگاكانەوە، حوكمدانی ناداپەوەرانە ‌و ستەمكارانەیان خۆیان بەسەر بەندكراوانی ئازادیخوازی بادیناندا دووپاتکردەوە. ئەمەش گومانەكانی لەسەر نا دیموكراسیەت و هەوڵەكانی سنورداركردنی ئازادی ڕادەربرین و لە هەرێم تۆختركردووە. هەربۆیە، ئەم هەنگاوەی دادگاكانی هەرێمی كوردستان، بە ئامانجێكی سیاسی‌و هەوڵێكی دیكە بۆ خنكاندنی ئازادی‌و بەرتەسککردنەوەی ئەو پەراوێزە دیموکراسییەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەر بۆیە داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان‌و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ‌و ئازادی رادەربڕین دەكەین، لەبەرامبەر ئەم بڕیارە ستەمكارانە‌و نادادپەروەرانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەرهەق بە ئازادیخوازان بێدەنگ نەبن ‌و فشاری لێبڕاوانە بكەن بۆ ئازادكردنی حوكمدراوانی بادینان.

هەروەك داوا لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت وەفاداربێت بەرامبەر لێدوانەکانی پێشووی خۆی لەسەر ئەم کەیسەو بڕیاری لێبوردنی تایبەت بۆ حوكمدراوەکانی بادینان دەربکات، تاوەكو چیتر ناوناوبانگی هەرێمی كوردستان لەرووی پێشێلكاری‌و دیموكراسی‌و پرەنسیپەكانی ئازادی مافی مرۆڤ لەكەدارتر نەبێت‌. لە روانگەی هەستکردن بەرپرسیارێتیی و کاری پیشەیی رێکخراوەیمابەوە دەمانەوێت گشتی خەڵکی کوردستانی و هەموو لایەک ئاگاداربکەینەوە کە کۆی دۆسیەی گیراوەکانی بادینان و ئەو مامەڵەیەی دەسەڵاتی سیاسی و دادگاکان لەگەڵ ئەم کەیسەدا کردیان و سەرنجامی کۆی دۆسیەکە: – شكۆی دادگاكان‌و سەورەیی یاسا لە هەرێمی كوردستان خستەژێر پرسیاری گەورەوە. – هەروەها کۆی دۆسیەکە بووە مایەی بێ بەها كردنی ئەو یاسایانەی كە لە هەرێم بەركارن‌ و تاڕادەیەك ئازدای رادەربڕین‌و رۆژنامەوانیان فەراهەم كردووە.

رێكخراوی جاسەنە

28-6-2021

رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا رۆژی ٦ ی ئایاری ٢٠٢١ مۆڵەتی فەرمی لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان وەرگرتووە.

رێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە و، ئامانجی دەستەبەرکردن و پاراستنی ئازادی بیروڕا و رۆژنامەگەری و ئازادی سۆشیال میدیایە.