سەردێر

هەولێر، دانیشتوانی گەڕەكێك بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە گردبوونەوە

پێشتر بەرپرسان بەڵێنیان پێدابوون

خەڵک-بەشی هەواڵ

سەڕەڕای بەڵێنی هێنانی خزمەتگوزاری بۆزەویەکانیان، لەبەردەم فەرمانگەی خزمەتگوزاری هەشتی حەسارۆك خاوەن زەویەكانی ئەوگەڕەکە گردبوونەوە بەهۆی ئەوەی تاوەكو ئێستا خزمەتگوزاریەكانی پێ نەگەیشتووە.

ڕێناس عەلی، یەکێک لەخاوەن زەویەکان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، بەر لەجەژنی ڕەمەزان لەسەر زاری سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری هەولێر و وەزیری شارەوانی بەڵێنمان پێدرا ڕاستەوخۆ دوای جەژن خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆکان دێنن، ڕێپێدانیش دەدرێت بەخاوەن زەویەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لەکردنەوەی فەرمانگەیەک وپڕکردنەوەی فۆڕم هیچ هەنگاوێکی کرداری نەگیراوەتەبەر بۆ هێنانی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گەڕەکە.

دەشڵێت، پێویست بوو هەنگاوی کرداری بگیرێتەبەر، چونکە ئەو خەڵکەی فۆڕمی ڕێگاپێدانیشی پڕکردۆتەوە بەهۆی نەبوونی ڕێگا و دەست بەکارنەبوونی شارەوانی نازانێ چۆن دەست پێبکات، لەهەمان کاتدا دڵنیاش نیە لەوەی بەڵێنەکە جێبەجێ دەکرێت یان نا.

ئەوەش دەخاتەڕوو، یەکێک لەگرفتەکانی تریان زەوی ١٢٥ مەتریە کە نزیکەی ٥ هەزار پارچە زەوی دەبێت، شارەوانی دەڵێت ڕێگاپێدان بۆ زەوی ١٢٥ مەتری نیە کەچی کاتێک بەڵنیاندا وتیان بڕیارەکانمان لەبەرژەوەندی خەڵکی کەم دەرامەت دەبێت، باشە خەڵکی کەم دەرامەت چۆن دەتوانێ ٢٥٠ مەتر زەوی بکڕێت، لەکاتێکدا ساڵانە پارەی باج و تاپۆ لەکاتی کڕین و فرۆشتن لەخاوەن زەویەکانی ١٢٥ مەتری وەرگیراوە. باس لەوەش دەکات، داوا دەکەین بەزووترین کات بەڵێنی هێنانی خزمەتگوزاری بۆ زەویەکان جێبەجێ بکرێت و کێشەی ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو بۆ خاوەن زەویەکانی ١٢٥ مەتری هەشتی حەسارۆک چارەسەر بکرێت.