سەردێر

پۆلیسی هەولێر ڕوونكردنەوە لەبارەی كوژرانی گەنجێك دەدات

خەڵك

لەبارەی كوژارنی گەنجێكی 16ساڵ لە هەولێر پۆلیسی پارێزگاكە هۆكاری ڕووداوەكە ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، ئەو گەنجە كوژراوە پێشتر پێشینەی تاوانی هەبووە و دەستگیركراوە، لەبەرامبەردا كەسوكاری كوژراوەكە بێتاوانی كوڕەكەیان دووپاتدەكەنەوە.


دوای كوژرانی گەنجێكی هەرزەكار لەلایەن یەكێك لەو مەفەرەزانەی لەلایەن هێزەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ دادەنرێت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، مقەدەم هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چەند ڕوونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە خستەڕوو ڕایگەیاند: لە ڕێكەوتی 8-6-2021، ئۆتۆمبێلێكی بێ ژمارە لە كاتی تێپەڕبوونی بەناو مەفەرەزەیەكی هێزەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، جگەلەوەی خۆی بە ئۆتۆمبێلی ئەو هێزانە دەكێشێت، دواتر تەقەیەكی زۆر دەكات، لەئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەیەكدا كەسێكی بەناوی ( ه.ج.ی) دەكوژرێ و یەكێكی تر بەناوی( ع.ك.م) بریندار دەبێت.

وتیشی: هەرلەو ڕووداوەدا دەست بەسەر چەكی كڵاشینكۆف و نارجۆك و چەقۆدا دەگیرێت، چەندین جۆر خواردەنەوەی كهولی لەناو ئۆتۆمبێلەكەی دەدۆزرێتەوە، دواتر لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە دەركەوت كە كەسی كوژراو لە دایكبووی ساڵی (2005)ە، پێشتر چەندین پێشینەی تاوانی هەبووە، لەوانە دزین و ساختەكاری و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ ئەمەش وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەڕێگای داتاشۆوە وێنەكانی نیشانی ڕۆژنامەواناندا.

ئەو روونكردنەوەیەی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەكاتێكدایە هەر ئەمڕۆ كەسوكاری كوژراوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاندبوو، كوڕەكەیان بێ تاوانە و تەمەنی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانێ تەنانەت ئۆتۆمبێلیش لێبخورێت.

هەروەها برای كوژاروەكە داوای بەڵگەی سەلمێنراو ئەنجامی پشكنینی پزیشكی دادوەری كردووە، كە كوڕەكەیان لەدواوە لێی نەدراوە، بۆیە كەسوكارەكەی گومانیان لەوە هەبوو كە لەئەنجامی ڕاكردن و پابەندنەبوونی مەفرەزەی پۆلیسەوە، تەقەی لێكرابێت و لەو ڕووداوەدا هێزە ئەمنییەكان تۆمەتباربن.