سەردێر

ناوخۆی هەرێم ڕێنماییەكانی پێدانی ڤیزەی ئەلكترۆنی هەموار دەكاتەوە

خەڵك

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ڕێنماییەكانی پیدانی ڤیزەی ئەلكترۆنی و نشینگە لە هەرێمی كوردستان هەموار دەكاتەوە.


وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكردووە، تایبەت بە هەمواركردنی یەكەمی ڕێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2021 تایبەت بەپێدانی ڤیزەی ئەلكترۆنی و نشینگەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بەو دەسەڵاتانەی پێیدراوە لە یاسای وەزارەتی ناوخۆ ژمارە 6 ی ساڵی 2009 بڕیاری داوە بە دەرچوواندنی ئەم بەیانە:

ماددەی یەكەم:

زیادكردنی خاڵی 4 لە بڕگەی سێیەم لەماددەی چوارەم بەمشێوەیەی خوارەوە:

هەڵگری بەڵگەنامەی تراڤڵ دیكیۆمێنتی ئەو وڵاتانەی كە لەبڕگەی 1ی سەرەوە ئاماژەی پێدراوە پێویست بە ڤیزەی پێشوەختە ناكات و لە دەروازەی سنووری ڤیزەی هاتنە ژوورەوە وەردەگرن بەرامبەر ئەو بڕە رسوماتانەی، كە ئەم رێنماییە دیاریكردووە.
ماددەی دووەم:

هەمواركردنەوەی بڕگەی چوارەم لەماددەی پێنجەم و بڕگەی سێیەم لە ماددەی شەشەم بەمشێوەیەی خوارەوە:

هەڵگری بەڵگەنامەی تراڤڵ دیكیۆمێنت نشینگەی پێدەدرێت بۆ ماوەی شەش مانگ بەرامبەر پێدانی 50٪ لە رسوماتی گۆڕینی ڤیزەی سەردان بۆ نشینگە بۆ ماەی یەك ساڵ و هەر رسوماتێكی دیكە كە لەم رێنماییە دیاریكراوە.

ماددەی سێیەم:

زیادكردنی بڕگەی چوارەم بۆ ماددەی شەشەم بەمشێوەیەی خوارەوە:

كەسی بیانی دەتوانێت داوای گۆڕینی ئەم سپۆنسەرە بكات كە لەڤیزەی ئەلیكترۆنی داواكراوە دوای هاتنە ژوورەوەی بەمەبەستی دەرهێنانی كارتی نشینگە بەمەرجێك بڕی 500 هەزار دینار وەك رسوماتی گۆڕینی سپۆنسەر بدات سەرەڕای رسوماتەكانی دیكە كە پێویستە بیدات.

ماددەی چوارەم:

زیادكردنی بڕگەی نۆیەم بۆ ماددەی یانزەیەم بەم شێوەیەی خوارەوە:

كەسی بیانی دەتوانێت دوای هاتنەژوورەوەی بۆ نێو هەرێمی كوردستان و پێش وەرگرتنی نشینگە لەماوەی بەركاربوونی ڤیزەكەی داوای گۆڕینی شوێنی پێدانی نشینگە لە بەڕێوەبەرایەتییەكی نشینگە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكی دیكەی نشینگە بكات پاش پێدانی بڕی 250 هەزار دینار وەك رسوماتی ئەو خزمەتگوزارییە.