سەردێر

تەندروستی هەولێر هاووڵاتیان ئاگاداردەكاتەوە

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لەبارەی حاڵەتەكانی فریاكەوتن و كتوپڕ، ئاگادارییەك بۆ سەرجەم هاووڵاتییان بڵاودەكاتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بڵاوكرایەوە”لەمڕۆوە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر، لە پێشوازیدایە بۆ هەر حاڵەتێكی فریاكەوتن و كتوپڕ، هاووڵاتییان دەتوانن بۆ هەر حاڵەتێكی لەناكاو، سەردانی نەخۆشخانەكە بكەن”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”نەخۆشخانەی ئیمێرجنسیی هەولێر، وەكوو ڕابردوو گەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆی و تەنیا چارەسەری حاڵەتەكانی سووتان و بەركەوتنی گوللەی لێ دەكرێت”.

ئەم ئاگادارییەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر لەكاتێكدایە كە بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا و نەمانی شوێنی تووشبوان لەو نەخۆشخانانەی بۆ كۆرۆنا تەرخان كرابوون، پێشتر بڕیار درابوو نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر بۆ چارەسەركردنی تووشبوانی كۆرۆنا تەرخان بكرێت، بەڵام لەئێستاداجارێكی تر نەخۆشخانەكە گەڕایەوە باری ئاسایی خۆی و پێشوازی لە حاڵەتە كتوپڕەكان دەكات.