سەردێر

قائیمقامیەتی سۆران لەبارەی سكە كانزاییەكانی سرێشمەوە ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك

قائیمقامیەتی سۆران لەبارەی دۆزینەوەی سكەی كانزایی لە گوندی سرێشمەی سەر بە شارەدێی خەلیفان ڕوونكردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت تێكڕای ئەو پارچە سكانە لەژێر دەستی لیژنە دایە، ٤٦٨پارچە سكەی دۆزراوەن و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران دەكرێت.

 

دەقی ڕوونكردنەوەكە…

 

ڕوونكردنەوەیەك لە قائمقامیەتی قەزای سۆرانەوە

راستی و دروستی رووداوی دۆزینەوەی (سككەی كانزایی) لە گوندی سرێشمەی سەربە ناحیەی خەلیفان لەچەند رۆژی ڕابردوو ، كە بووە ھۆی بڵاوبوونەوەی چەندین زانیاری نا دروست لە ھەواڵ و سوشیال میدیا.. بۆ ئەم مەبەستە بۆ ڕای گشتی ئەو ڕوونكردنەوەیە بڵاودەكەینەوە ..

رێكەوتی ٠٤/٠٦/٢٠٢١ لەلایەن ھاوڵاتییەك لە گوندی سرێشمە بەناوی (ر) لەكاتی كاركردنی لە پارچە زەویەك گۆزەیەك دەردەكەوێت و بەھۆی ئامێری (حەفارە)‌ گۆزە دەشكێت، ھەر لەلایەن ھەمان ھاولاتییەوە پارچە سككە كانزاییەكان كۆ دەكرێنەوە، دوای سێ ڕۆژ پارچە سكەكان كە (٢٠٤) پارچە بوون ڕادەستی ئەنجومەنی ئاسایش دەكات ..

لەسەر فەرمانی بەڕێز وەزیری ناوخۆو ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ بەدواداچوون لەم كەیسە لەلایەن قائمقامیەتی قەزای سۆران لیژنەیەكی لێكۆلینەوە كە پێكھاتبوون لە ھەریەك لە نوێنەرانی (قائمقامیەتی سۆران، ب. ئاسایشی سۆران، ب. پۆلیسی سۆران، ب. شوێنەواری سۆران) لەژێر چاودێری قائمقامی سۆران دروست بوو ، دوای سەردانی مەیدانی و لێكۆلینەوەو بەدوا داچوونێكی زۆر لەلایەن لیژنەوە، كە بەردەوام لە پەیوندی دابوون، بەھاوكاری خەڵكی گوندو ھاوولاتی ناوبراو (٢٦٤) پارچە سككەی كانزایی تریش لەھەمان شوێن دۆزرانەوە، تێكڕای ئەو پارچە سككانە لەژێر دەستی لیژنە دایە (٤٦٨) پارچە سككەی دۆزراوەن و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران دەكرێت.

ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران لە ڕێگای كەسانی پسپۆرو شارەزا بەردەوام دەبێت بۆ لێكۆڵینەوەی شوێنی دۆزینەوەی ئاسەواری ناوچەكەو مێژووی ئەو پارچە سككانە..

وێڕای دەست خۆشی بۆ لیژنەو ھاوڵاتی خاوەن زەوی و دانیشتوانی گوندی سرێشمە كە ھاوكاری لیژنەبوون بۆ پاراستنی ئەو پارچە ئاسەوارانەو پاراستنی شوێنەكە. بۆ ڕای گشتیش رایدەگەیەنین تێكڕای ئەو پارچە سككانەی دۆزراونەتەوە ڕادەستی لیژنە كراوە (٤٦٨) پارچەن و بەپێی زانستە سەرەتاییەكان دراوی كۆنن، ھەروەھا ئەو پارچە ڤیدیۆو وێنانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە،‌ دوورو نزیك پەیوەندی بەو ڕووداوەوە نیەو شێوەو پێكھاتەشیان جیاوازە .

لە داھاتووشدا زانیاری زیاتر لەسەر مێژووی ئاسەوارو پارچە دۆزراوەكان بە فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران بڵاودەكرێنەوە .

لەگەڵ ڕێزماندا …
قائمقامیەتی قەزای سۆران
١٣/٠٦/٢٠٢١