سەردێر

هاوسەرۆكی یەكێتی: بە ھەموو شێوەیەك دژی شەڕی براكوژین

خەڵك

لاھور شێخ جەنگی و كونسوڵی گشتیی ھۆڵەندا لە ھەرێم، دۆخی سیاسی و ئەمنی عیراق و ھەرێمی كوردستان و پرسی چاكسازیی و یەكخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و ھەڵبژاردنەكانی داھاتوویان تاووتوێ كرد.


میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە ١٢ی٦ی٢٠٢١، لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازی كرد لە ھانس ئاكربووم كونسوڵی گشتیی ھۆڵەندا لە ھەرێمی كوردستان و كۆڵۆنێڵ یان تین ھۆڤ راوێژكاری سەربازیی لە كونسوڵخانەی ھۆڵەندا لە ھەرێم.

ئاماژەبەوەشدراوە، لە دیدارەكە لاھور شێخ جەنگی جەختی لە ھەڵوێستەكانی كردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی ھەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و پابەندبوونی ھەردوولا بە ڕێككەوتنەكانی نێوانیان.

ھاوكات ئامادەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ چاكسازی و یەكخستنی ھێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە بە ڕەچاوكردنی بنەمای ھاوسەنگی، ڕاشیگەیاند: بوونی یەك ھێزی نیشتمانیی پڕچەك و مەشقپێكراو بۆ ئێستا و داھاتووی كوردستان گرنگە و بە ھەموو شێوەیەك پشتیوانی دەكەین. لەو ڕووەشەوە پێزانینی پێشكەش بە ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد كە لەو پێناوەدا ھەنگاوی گرنگیان ناوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە بەشێكی تری دیدارەكدا ئاماژە بە مەترسییەكانی سەرھەڵدانەوەی چەكدارانی داعش كرا و جەخت لە بەردەوامی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەكانی نێوان سوپای عیراق و ھێزی پێشمەرگە كرایەوە بۆ دوورخستنەوەی مەترسیی سەرھەڵدانەوەی ئەو شانە نوستووانەی داعش.

هاوكات، لاھور شێخ جەنگی نیگەرانی خۆی دەربڕی بۆ پەرەسەندنی گرژییەكان كە بەم دواییە لە سەر سنوورەكانی ھەرێم و توركیا ھاتونەتە ئاراوە، وتیشی: نابێت ڕێگە بدەین سەقامگیری و ئاسایش و ئارامیی ھەرێمی كوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر بخرێتە مەترسییەوە، دووپاتی كردەوە گرتنەبەری شەڕ و ڕێگەی سەربازی كێشەكان چارەسەر ناكات، پشتیوانیی ڕێگەی ئاشتی و زمانی دیالۆگین بۆ كۆتاییھێنان بە كێشەكان. وتیشی ئێمە ڕامانگەیاندووە كە بە ھەموو شێوەیەك دژی شەڕی براكوژین.

لە كۆتایی دیدارەكەدا ھاوسەرۆك لاھور شێخ جەنگی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عیراقی بە گرنگ زانی، بۆ گۆڕانكاریی ڕاستەقینە و بەدیھێنانی ئامانجەكان و وتی: وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ھانی ھەموو لایەنە كوردستانییەكان دەدەین بێنە ژێر چەتری لیستی ھاوپەیمانی كوردستان كە لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پێكھێنراوە و لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت یەكدەنگیی كورد لە بەغدا بپارێزین و لە ڕێگەی خەباتی پارلەمانییەوە تەواوی مافەكانی گەلی كورد بە دەست بھێنین.