سەردێر

كارتی نیشتمانی ڕێكارێكی نوێی بۆ پێدانی ناسنامە بە هاووڵاتیان ڕاگەیاند

خەڵك-

بەڕێوەبەرایەتی كاروباری كارتی نیشتمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هاووڵاتیان لەمەودوا پێش ئەوەی سەدانی فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی بكەن دەتوانن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە سەرە بنووسن، هاوكات بەڕێوەبەری كارتی نیشتمانی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: “دەستیان بە مامەڵەی پێدانی كارتی نیشتمانی بە هاووڵاتیان كردۆتەوە”.

بەڕێوەبەرایەتی كاروباری كارتی نیشتمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە سبەینێوە 13ی حوزەیران هاووڵاتیان دەتوانن پێش سەردان كردنی فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ناوی خۆیان تۆمار بكەن و سەرە بنووسن.

ڕاشیگەیاندووە، ئەم ڕێكارە بە مەبەستی كەم كردنەوەی قەرەباڵغی سەر فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانییە و بۆ ئاسانكاری هاووڵاتیانە تاوەكو زۆر چاوەڕێ‌ نەكەن و لەڕۆژی سەرەی خۆیاندا سەردانی فەرمانگەكان بكەن.

ڕوونیشی كردۆتەوە، هاووڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی لینكی بەڕێوەبەرایەتیمان (http://reg.nid-moi.gov.iq:9090/ords/f?p=100:7:15799658727036::NO:::) خۆیان تۆمار بكەن و زانیارییەكان بنووسن و سەرەی خۆیان پێ‌ دەدرێت.

لای خۆشیەوە، مقەدەم شێركۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری كارتی نیشتمانی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، پەیڕەوكردنی سیستمی سەرەنووسین لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە (حجز الالكترونی) لە یاسای كارتی نیشتمانیدا ئاماژەی پێ‌ كراوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كاری پێ‌ ناكرێت، چونكە فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی قەرەباڵغییان لەسەر نییە و هاووڵاتیان بە ئاسانی دەتوانن بچن كارتی نیشتمانی دەربهێنن.

ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا سەرجەم مامەڵەكانی دەرهێنانی كارتی نیشتمانی دەستپیان پێكردۆتەوە بە شێوەی ئامادەیی و وەرگرتنی (گلێنە و پەنجەمۆر) و هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی سنووری خۆیان بكەن.