سەردێر

چاودێرێكی سیاسی: توركیا تەنیا وەك بازاڕێك تەماشای هەرێم دەكات

خەڵک-ئارام سەردار

چاودێرێکی سیاسی پێیوایە ئەوەی هۆکار و هاوکاربوو لە ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆی هەرێم و پچڕانی پەیوەندی ئابووری و سیاسی هەرێم لەگەڵ بەغداد تورکیا بوو، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی تورکیا لە ئامانجە لە مێژینەکەی نزیکتر ببێتەوە کە خۆی لە کۆتایی هێنان بەم قەوارە دەبینێت.

ئازاد جۆڵا، چاودێری سیاسی بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، هیچ کات هەڵسوکەوتی تورکیا لەگەڵ هەرێم سیاسی نەبووە ، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی دراوسێیەتی و مرۆڤ دۆستی نەبووە ، بەڵکو بەردەوام هەرێمی بۆ لایەنی ئابووری و بەکارهێنانی وەک بازاڕێکی مسۆگەر و هەمیشەیی بۆخۆی بەکار هێناوە ، لەم ڕێگایەشەوە توانی سەرخان و ژێرخانی ئابووری هەرێم هەڵتەکێنی و گەلەکەی لە بەرهەم هێنەوە بکات بە بەکاربەروو سەرچاوەی داهاتی هەرێمیش بکەوێتە بەر ڕەحمەتی ئەنقەرە. دەشڵێت، ئەوەی هۆکار و هاوکاربوو لە ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆی هەرێم و پچڕانی پەیوەندی ئابووری و سیاسی هەرێم لەگەڵ بەغداد تورکیا بوو. ئەوەش

دەخاتەڕوو، سیاسەتەکانی تورکیا بەرامبەر بەهەرێم، هەرێمی ناچارتر کرد ملکەچی پلانە ستراتیژیە دوژمنکاریەکەی بێ ، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی تورکیا لە ئامانجە لە مێژینەکەی نزیکتر ببێتەوە کە خۆی لە کۆتایی هێنان بەم قەوارە و ئەزموونە سیاسیەی 30 ساڵی ڕابردوو مایە پووچ بوون و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و چەقبەستوویی سیاسی و نەمانی متمانەو ئینتیمای خەڵک بە دەسەڵات و بە نەتەوەو نیشتمان دەبینێتەوە.