سەردێر

نێچیرڤان بارزانی دەچێتە ئیمارات

خەڵك-
سبەینێ‌ شەممە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگێشتی فەرمی جێنشینی ئەبوزەبی، سەردانی ئیمارات دەكات.

بەپێی ئەو زانیارییان، بڕیارە سبەینێ‌ شەممە 12ی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەسەر بانگهێشتی فەرمی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان جێنشینی ئەبوزەبی سەردانی وڵاتی ئیمارات بكات و لەگەڵ میر و جێنشینی وڵاتەكە كۆ ببێتەوە.

ئەم سەردانە لەكاتێكدایە كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئایاری ڕابردوو پێشوازیی لە ئەحمەد ئیبراهیم زاهیری كۆنسوڵی گشتی میرنشینی عەرەبی یەكگرتوو كرد و لەدیدارەكەدا كۆنسوڵی گشتی ئیمارات بانگهێشتنامەی فەرمی شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان جێنشینی ئەبو زەبی ڕادەستی بارزانی كرد، تا سەردانی ئیمارات بكات.

ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیمارات، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە دووەم سەردان بۆ وڵاتەكە دادەنرێت كە پێگەیەكی سیاسی و ئابوری بەهێز و گرنگی هەیە لە ناوچەكەدا.