سەردێر

پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە مامی‌ خۆی‌ كوشتووە

خەڵك

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ وارماوای‌ سەر بەبەشی‌ پۆلیسی‌ شارەزوور ئەو كەسەیان دەستگیركرد كە ئێوارەی‌ ئەمڕۆ لەگەڕەكی‌ سەرچناری‌ شاری‌ سلێمانی‌ مامی‌ خۆی‌ بەچەقۆ كوشت.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، كاتژمێر 4:56 خولەكی‌ سەر لەئێوارەی‌ ئەمرۆ 2021/6/4، لەگەڕەكی‌ سەرچناری‌ شاری‌ سلێمانی‌، كوڕێك بەچەقۆ مامی‌ خۆی‌ كوشت‌ و تۆمەتبار دوای‌ ئەنجامدانی‌ تاوانەكەی‌ بۆ شوێنێكی‌ نادیار هەڵات.

ئاماژە بەوەشدراوە، دوای ڕووداوەكە بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ سەرجەم بەش‌ و بنكەكانی‌ سەر بەبەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ڕاسپارد كە بەدواداچوونی‌ بەپەلە و لێكۆڵینەوەی‌ پێویست ئەنجامبدەن‌ و تۆمەتبار بدۆزنەوە و دەستگیری‌ بكەن، پاش وەرگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوەرو دوای‌ كەمتر لەدوو كاتژمێر توانرا تۆمەتبارەكە لە شارۆچكەی شارەزوور و لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ وارماوای‌ سەر بەبەشی‌ پۆلیسی‌ شارەزوورەوە دەستگیر بكرێت.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، تۆمەتبار (ب، و، ا) لەبەردەم دادوەری‌ لێكۆڵینەوەدا دانی‌ بەتاوانەكەیدا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری‌ دادوەر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.