سەردێر

پارێزگاری دهۆك: لەسەر داربڕین لەگەڵ توركیا گەیشتینە ڕێكەوتن

خەڵك-
عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك لەگەڵ كونسوڵخانەی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستان و والی شرناخ، پرسی بڕینەوەی دارەكان لە ناوچە سنورییەكان و لە پارێزگاكە لەلایەن هێزەكانی توركیاوە، تاوتوێ‌ دەكات.


میللەت عیسمەت، سكرتێری ڕۆژنامەوانی پارێزگاری دهۆك، بە میدیاكانی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند”پارێزگاری دهۆك لەگەڵ لایەنی توركیا گەیشتە ڕێكەوتن بۆ كۆنترۆڵكردنی دیاردەی داربڕینەوە و پارێزگاری لە ژینگە و سروشت و ناوچە سنورییەكان لەنێو هەرێمی كوردستان”.

بە وتەی میللەت عیسمەت”قایمقامی قەزای زاخۆش لەگەڵ قایمقامی شاری شرناخی توركیا ڕێكەوتووە بۆ نەهێشتنی بڕینەوەی دارەكان لەو ناوچانەی ململانێیان تێدایە لەنێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان و ڕێگرتن لە دەستدرێژییەكان بۆسەر سروشتی كوردستان كە مایەی قبوڵ نییە”.

پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەزاری جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتەوە، ناڕەزایی خۆی بەرانبەر بە دیاردەی بڕینەوەی دارەكان لە ناوچە سنورییەكان دەربڕی و داوای كرد ئەو هەڵسوكەوتە ڕابگیرێت كە زیان بە سروشت و ژینگەی كوردستان دەگەیەنێت.