سەردێر

جوتیار عادل: ئاگاداری توركیامان كردووەتەوە كە كۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەكان بهێنن

خەڵك

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا لەبارەی بڕینەوەی دار و زیانگەیاندن بە ژینگە و سرووشتی كوردستان دەڵێت، نیگەرانن و “بە فەرمیش ئاگاداری حكومەتی توركیای كردووەتەوە كە كۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەكان بهێنن كە جێگەی قبووڵكردن نییە”.

لە ڕاگەیەنراوەكەی د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە،”بوونی گەریلاكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەكانی توركیا و دروستبوونی شەڕ و پێكدادان لەنێوان هەردوولادا”.

جوتیار عادل داواشی لە پەكەكە كردووە:”ڕێز لە سەروەریی خاكی عيراق و هەرێمی كوردستان بگرن و چی دیكە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دووچاری نەهامەتی و ئاوارەیی و ماڵوێرانی نەكەن”.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

 

ڕاگەیەندراوێك لە وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی كوردستان دەردەبڕیت و بە فەرمیش ئاگاداری حكومەتی توركیای كردووەتەوە كە كۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەكان بهێنن كە جێگەی قبولكردن نییە .

حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، كە بوونی چەكدارانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەكان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەكانی توركیا و دروستبوونی شەڕو پێكدادانی نێوان هەردوولا ، بۆیە داوا دەكەین كە ڕێز لە سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بگرن و چیتر دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دووچاری نەهامەتی وئاوارەیی وماڵوێرانی نەكەن.

د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان