سەردێر

وردەكاریی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا دەكرێت

ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش بەپێویست دەزانرێت

خەڵك-
پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عیراق، ئامانجی سەردانی شاندەكەی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا ئاشكرا دەكات و جەختیش لەسەر ڕەخساندنی كەشێكی ئارام بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكاتەوە.


جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی عیراق ڕایگەیاند:”ئامانجی سەرەكی سەردانی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا، قسەكردنە لەسەر ڕێكەوتنی نێوان هەردوولا لەسەر نەوت و وردەكارییەكانی پەیوەست بە ماددەی 11ی بودجە، و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی، بەجۆرێك كە ماددەكە پێویستی بە لێكگەیشتن هەیە لەنێوان هەولێر و بەغدا”.

بە وتەی جەمال كۆچەر”سەردانەكەی جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەوانی تر، بەو پێیەی سەردانەكانی پێشوو بۆ گەیشتن بوو بە شێوازێك سەبارەت بە ڕێكەوتنەكان، بەڵام ئێستا شێوازەكە تێپەڕێنراوە، ئەوەی ماوە میكانزیمی جێبەجێكردنیەتی”، تەئكیدی لەسەر بوونی ئیرادەیەكی ڕاستەقینەش كردەوە لەلایەن هەردوولا بۆ یەكلایی كردنەوەی بابەتەكە.

لەبارەی هەڵبژاردنیش، كۆچەر ڕایگەیاند”یەكێك لەو خاڵانەی فراكسیۆنە سیاسییەكان ڕێكەوتنییان لەسەر كردووە، ڕەخساندنی كەشێكی گونجا و لەبارە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، كەشی تیرۆركردنیش لەئێستادا هەڵبژاردن بەرەو دواخستن دەبات”.

لەئێستادا شاندێكی هەرێمی كوردستان لە بەغدای پایتەختی عیراقە بۆ لێكگەیشتن لەسەر شێوازێكی هاوبەشی تایبەت بە ڕێكەوتن لەسەر بودجە.

بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتریش لەو بارەیەوە (خەڵك) چەند جارێك پەیوەندی كرد بە جەمال كۆچەر پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا، بەڵام پەیوەندییەكان بێ‌ وەڵام بوون.