سەردێر

پارتی بۆ سازانی نیشتمانی لەسەر دەستوور داوای دامەزراندنی ژوورێك دەكات

خەڵك
ئەندامێكی پەڕلەمانی كوردستان لە پشكی پارتی ڕایدەگەیەنێت ، حزبەكەی داوای دامەزراندنی ژوورێكی كردووە بۆ دەستوور و تا سازانی نیشتمانی لەسەر دەستوور هەبێت، دەشڵێت ،”پارتی بۆچوونی خۆی لەبارەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە”.

خەدیجە عومەر مزووری ، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، پارتی پێی وایە بۆ ئامادەكردن و تێپەڕاندنی دەستووری هەرێمی كوردستان پێویستی بە كۆدەنگی لایەنە سیاسییەكانە ، بەجۆرێك هەموو پێكەوە كار بۆ ئامادەكردنی دەستوورێك بكەین كە ویست و خواستی ھەموو لایەكی تێیدا جێگەی بكرێتەوە.

دەشڵێت،”حزبەكەی بۆچوونی خۆی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە و تێیدا دووپاتی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كە پڕۆژەی دەستوور ڕەهەندێكی سیاسی و نیشتمانی هەیە، لەبەر ئەوەش پێویستە زەمینەسازی هەبێت لەسەر پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان”.

ڕاشیگەیاندووە، پارتی داوای كردووە ژوورێك دروست بكرێت و تێیدا لایەنەكان بەشداربن لە ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستوور.
ئەو پەڕلەمانتارە ڕەتیكردەوە، كە ئەوانەی دەڵێن پارتی دەیەوێ دەستوورێك بە دڵی پارتی بێت هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە، چونكە پارتی خۆی داوای كۆدەنگی كردووە لەسەر دەستوور و ھەرچەندە ئێمە زۆرینەین لە پەرلەمان، بەڵام ئەو زۆرینەیەی خۆمان بۆ بابەتێكی وەك دەستوور بە ھیچ شێوەیەك بەكار نایەنین و لەگەل یەكڕیزی و سازانین لەسەر دەستوور.