سەردێر

سەفین دزەیی: دۆسیەی سزادراوانی بادینان بۆ دادگا جێهێڵدراوە

خەڵك

لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: دۆسیەی‌ سزادراوانی‌ بادینان لەكۆتایی كارەكانیدایە لەدادگا و دۆسیەكە جێهێڵدراوە بۆ دادگا و دادگاكانیش سەربەخۆن لە بڕیاردان.


لە میانەی كردنەوەی پێشانگەی بازاڕی دیپلۆماسی كە كونسوڵخانەی چیك لە هەولێر ڕێكی خستووە، سەفین دزەیی، لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەردانی شاندە دیپلۆماسییەكان نامۆ نییە و زوو زوو سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا سەفین دزەیی وتیشی، “شاندە دیپلۆماسییەكان لە ڕابردوودا بە ئەرێنی باسیان لە دۆخی ئازادیی ڕادەبڕین لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئەو چەند ڕووداوەش كە پەیوەندیی بە ئازادی و ڕادەربڕینەوە هەیە بە واتای بەرتەسككردنەوەی ئازادی لە هەرێمی كوردستان نییە”.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 7ی تشرینی یەكەمی 2020، پێنج ڕۆژنامەوان و چالاكوان لە دەڤەری بادینان دەستگیركران و دواتر بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران. پەسندكردنی بڕیارەكە لەلایەن دادگەی پێداچوونەوە كاردانەوەی زۆری لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوادا هات، بە تایبەت كاتێك لە دیباجەی بڕیاری دادگەی پێداچوونەوە ناوی كۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا و ئەمریكا هێنرابوو.