سەردێر

حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێك لەبارەى پرۆژە یاسای بودجە بڵاودەكاتەوە

خەڵك-
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت”پێویستە یاسای بودجە، ڕەنگدانەوەی شەفافانەی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بێت”، بڕاریشە لە هەفتەی داهاتوودا شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی.

بەپێی ڕاگەیەنراوێك كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بڵاوكرایەوە” ئەمڕۆ دووشەممە 2021/5/24 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد كە تایبەت بوو بە ڕەشنووسی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 و لە كۆبوونەوەكەدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەك لە وەزیرە پەیوەندیدارەكان ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان و دوایین داتاكانی تایبەت بە خەرجی و داهاتەكانی هەرێم كرا و ئەگەرە جیاوازەكان بۆ داڕشتنی بودجە تاووتوێ كران”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە یاسای بودجە، ڕەنگدانەوەی شەفافانەی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بێت . لەم چوارچێوەیەدا كۆبوونەوەكە، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە دوایین تێبینی و سەرنجەكانیان لە سەر ڕەشنووسی یاساكە ئامادە بكەن بۆ ئەوەی لە ئایندەیەكی نزیكدا، ئەنجومەنی وەزیران ڕەشنوسی پڕۆژە یاساكە پەسەند بكات و پاشان بنێردرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان”.

“لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ، باس لە جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی 2021 كرا كە تا ئێستا شایستە داراییەكانی هەرێم بە پێی یاساكە خەرج نەكراوە سەرەڕای ئامادەیی هەرێم بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكانی خۆی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیرە پەیوەندیدارەكان ڕاسپێردران كە لەگەڵ هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدراڵی ، لە پەیوەندی بەردەوام بن بۆ ئەم مەبەستە، بڕیاڕیشە هەفتەی داهاتوو شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی”، ئەمەش لە ڕاگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئاماژەی پێكراوە.