سەردێر

لاهور شێخ جەنگی: هاوپەیمانی یەكێتی و گۆڕان لەدەباشانەوە دەستیپێكرد

خەڵك

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت: لەدوو ساڵی كۆتایی كاك نەوشیرواندا زۆر لێوەی نزیك بووم، زۆر سودم لەبیروبۆچوون و تێڕوانینی بۆ سیاسەت لەهەرێمی كوردستان و ڕاستكردنەوەی چەوتییەكان لەهەرێمی كوردستان وەرگرت و هاوڕا بووین لەسەر دۆزینەوەی چوارچێوەیەك كە یەكێتی و گۆڕان پێكەوە هاوخەبات و هاوبەش بن بۆ ئەو دۆخەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەیاوەری شاندێك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی لەچوارەمین ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا سەردانی ئارامگای نەوشیروان مستەفای كرد لەگردی زەرگەتە و دوای دانانی چەپكە گوڵ لەسەر ئارامگەكەی لەپەیامێكدا ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ چوار ساڵ بەسەر كۆچی ناوادەی كەڵەپیاوێكدا كە هەڵقوڵاوی سیاسەتمەداری و شۆڕش و خەبات كە ئەویش كاكە نەوەیە، هەڤاڵی گیانی لەگیانی هەڤاڵ مام جەلال، پیاوێكی ڕۆشنبیر و ڕۆشنگەربوو، سیاسەتمەدارێكی گەلەكەمان بوو”.

لاهور شێخ جەنگی وتیشی:”كۆچی كاكە نەوە كۆستێكی گەورەیە لەهەمومان كەوتووە، كاكە نەوە یەكێك بووە لەو كەسانەی لەساڵی 1975دا لەگەڵ هەڤاڵ مام جەلال داینەمۆی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ بوو، بەردەوامیدان بەو خەباتەی تا كۆتایی ژیانی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلەكەی كۆڵی نەدا”.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو: “هەمومان كاكە نەوەمان بەوە ناسیبوو كە داكۆیكەرێكی سەرسەختی ئازادی ڕادەربڕین و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و مافی چارەی خۆنووسین بوو، پێموایە لەناو یەكێتی و لەدامەرزاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش لەسەر ئەو ئەركەی بەردەوامبوو تا دوا هەناسەی كۆڵی نەدا”.

ئاماژەی بەوەشدا:”لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم كە لەدوو ساڵی كۆتایی كاك نەوشیرواندا زۆر لێوەی نزیك بووم، زۆر سودم لەبیروبۆچوون و تێڕوانینی بۆ سیاسەت لەهەرێمی كوردستان و ڕاستكردنەوەی چەوتییەكان لەهەرێمی كوردستان وەرگرت”.

لاهور شێخ جەنگی وتیشی: “لەگەڵ كاك نەوشیروان هاوڕا بووین لەسەر ئەوەی چوارچێوەیەك بدۆزینەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پێكەوە هاوخەبات و هاوبەش بن بۆ ئەو دۆخەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە، بەڵام مەرگ ڕێگەی پێنەدا بەچاوی خۆی ئەوە ببینێت”.

هاوسەرۆكی یەكێتی ڕاشیگەیاند:”بۆیە لێرەوە وەك سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان دەمەوێت ڕۆحی كاك نەوشیروان و مام جەلال ئاسودە بێت كە هاوخەباتەكانی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشمانیی كوردستان لەكۆتاییدا بڕیارە دروستەكەیاندا، ئەو بڕیارەی خواستنی هەڤاڵ مام جەلال و كاك نەوشیروان بوو لەدەباشانەوە دەستیپێكرد، ئەو هاوپەیمانێتیەمان پێكهێناوە و دڵنیام سەركەوتنی گەورە بەدەستدێنێت و دەبێتە چەترێك بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكانی تر بۆ ئەوەی بەیەكەوە هەنگاو بنێین بۆ عیراق و بەیەكدەنگی و یەكگڕەنكی ئاوات و ئامانجەكانی گەلەكەمان بەدیبێنین”.