سەردێر

ڕانیە.. تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە لە سلێمانی ئۆتۆمبێلێكی دزی بوو

خەڵك

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین لە ڕانیە تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە هەستابوو بە دزینی ئۆتۆمبێلیك لە شاری سلێمانی.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند،”دوای ئەوەی هێزەكانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین لە ڕانیە ئاگادار كرانەوە بە بوونی ئۆتۆمبێلێكی گوماناوی لە پێشەنگاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شارەدێی چوارقوڕنە، دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئۆتۆمبێلەكە دەركەوت ئۆتۆمبێلە كەلە جۆری تۆیۆتا كامری مۆدێل (٢٠١١) بەرەبەیانی ڕۆژی ١٧ /٥/ ٢٠٢١ لە سلێمانی لە گەڕەكی ڕزگاری لەبەردەم ماڵی خاوەنەكەی لە شاری سلێمانی دزراوە”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژە بەوەشدەدات،”دوای بەدەست هێنانی بڕیاری دادوەر لەلایەن هێزەكانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین توانرا دەست بگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلی ناوبراودا و لەهەمانكاتدا تۆمەتبارەكەش بەناوی ( ش، ب، ل) لەدایك بووی ٢٠٠٤ دانیشتووی سلێمانی/ كانی كوردە ـ پیشە كاسب دەستگیركرا”.

ئەوەشخراەتەڕوو،”دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا دانینا بەتاوانەكەیدا و بەڕێز دادوەر بڕیاریدا بە ڕاگرتنی تۆمەتباری ناوبراو بەپێی ماددەی (٤٤٤) لە یاسای سزادانی عیراقی و هەواڵەكردنی ئۆتۆمبێلەكە و تۆمەتبارەكە بۆ پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی”.