سەردێر

وتەبێژی داواكاری گشتی هەرێم چەند هۆكارێكی زیادبوونی ناپاكیی هاوژینان ئاشكرا دەكات

خەڵك

وتەبێژی داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەندێك زنجیرەی تەلەڤزیۆنی و سۆشیال میدیا هۆكارێكن بۆ زیادبوونی ناپاكیی نێوان هاوژینان.

بەشدار مەجید، دادوەر و وتەبێژی داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە:”هەندێك زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی نەشیاو كە لە ڕاگەیاندنەكانەوە پەخش دەكرێن، ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا هۆكارێكن بۆ جیابوونەوەی هاوژینان كە هۆكاریشن بۆئەوەی ناپاكیی هاوسەرگیری زیاد ببێت. بۆ نمونە زنجیرەی تەلەڤزیۆنی هەیە كە پەخش دەكرێت، هەموو ئەندامانی بەناو خێزانێك نازانن كێ دایك و باوكیانە و بە ناپاكی لەدایكبوون”.

وتەبێژی داواكاری گشتی ئاماژەی بەوەدا، ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان لە زیادبووندایە، بەڵام ئەو ژمارانەی دەوترێن هی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان نین، چونكە ژمارەیەكی زۆر ئاوارەی سوریا و عەرەبەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی تێدان و جیابوونەوەكانی ئەوانیش ئەژمار كراون.

بەشدار مەجید وتیشی، ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری هۆكارێكی سەرەكین بۆ پێكنەهێنانی ژیانی هاوبەش و زیادبوونی جیابوونەوەی هاوژینان، هەڵەكردن لە دەستنیشانكردنی هاوژینانیش بە هۆكارێكی تر ناودەبات.