سەردێر

پەرلەمان سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هەڵدەبژێرێت

 

خەڵك
سبەینێ‌ پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوەو بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا پرۆسەی دەنگدان بۆ پاڵاوتنی (منی یوخنا یاقو) بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان-عێراق ئەنجام بدرێت.

سبەینێ‌ پەرلەمانی كوردستان كاتژمێر 11 ی پێشنیوەڕۆ
دانیشتنی ژمارە (13)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدەدات و بەپێی كارنامەكە كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك)نێردراوە، لە دانیشتنەكەدا دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێم دەدرێت و چەند پڕۆژە یاسایەكیش خوێندنەوەیان بۆ دەكرێت.

كارنامەی دانیشتنەكە..
یەكەم: دەنگدان لەسەر پاڵاوتنی بەڕیز (منی یوخنا یاقو) بۆ پۆستی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان-عێراق.
دووەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە، پشت بەستن بەحوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (83) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
1- پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراقی ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لەهەرێمی كوردستان-عێراق).
2- پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت ژمارە (22)ی سالی 2011 لەهەرێمی كوردستان-عێراق).
3- پڕۆژەیاسای (بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازیی هەردووكەرتی تایبەت و تێكەڵاو، ژمارە (20)ی ساڵی 1998ی هەمواركراو لەهەرێمی كوردستان-عێراق).
4- پرۆژەیاسای (هەمواری دووەمی یاسای یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (14)ی ساڵی 1993).
5- پڕۆژەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان -عێراق ژمارە (10)ی ساڵی 2010).
6- پڕۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانیی عێراقی ژمارە (30)ی ساڵی 1984 لەهەرێمی كوردستان -عێراق).
سێیەم: دەنگدان لەسەر پڕِۆژەیاسای یاسای (وەزارەتی كارەبا لەهەرێمی كوردستان-عێراق)، بەپێی حوكمی ماددەكانی (90، 91، 93، 96، 97) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
چوارەم: خستنەڕووی بیرۆكەی بەڕێز پەرلەمانتار (عبدالستار مجید قادر) پەیوەست بە دۆزینەوەی هەلی كار لەڕێگای بەگەرخستنەوەی كارگەكان) بەپێی حوكمی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم) لەماددەی (49)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق.