سەردێر

جەخت لە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق دەكرێتەوە

خەڵك

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی ئەمریكایی كۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و عیراق كردەوە.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە:” ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 16-05-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی ئەمریكایی كرد كە لە هەریەكە لە جۆی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نزیك بە وەكالەت؛ ئەیمی كەترۆنا، یاریدەدەری نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا بە وەكالەت؛ زەهرە بیڵ، بەڕێوەبەری كاروباری عیراق و سوریا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و سكۆت سیمۆنس لە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكی پێكهاتبوو”.

ئاماژەبەوەشدراوە:”لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕۆبێرت واڵەر، كۆنسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەی بوو، پەیوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا، دۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان بەگشتی، پەیوەندییەكانی هەولێر – بەغدا، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق، جموجۆڵ و مەترسییەكانی داعش، ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عیراق و چەند پرسێكی هاوبەشیان تاووتوێ كرد”.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو:”هەردوولا هاوڕا بوون كە داعش مەترسییەكی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی عیراق و ناوچەكە دەكات و بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی یەكجارەكییان، عیراق و هەرێمی كوردستان پێویستییان بە پشتگیری و بەردەوامیی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عیراقیان بە پێویست زانی”.

سەرۆكایەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوەكەدا ڕوونیشی كردووەتەوە:”دۆخی سوریا و پێشبینییەكان بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندە ئەمریكاییەكە بوو. شاندەكە دووپاتیكردەوە كە ئەمریكا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوی و لە یارمەتیدان و پشتگیریی هاوپەیمانانی لە ناوچەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەردەوام دەبێت، هەروەها “گفتوگۆی نێوان لایەنە كوردییەكانی سوریای بە گرنگ لە قەڵەمدا و هیوایان خواست بتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن و بگەنە ڕێككەوتن”.