سەردێر

مەسرور بارزانی بۆ ئەمریكا: كەیسی حوكمدراوانی بادینان بابەتێكی یاساییە

خەڵك

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمریكا كۆبووەوە و لەبارەی كەیسی حوكمدراوانی بادینانەوە پێی ڕاگەیاندوون، كەیسەكە “بابەتێكی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت”.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە|، ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 16/5/2021 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی باڵای ئەمریكی كرد كە پێكهاتبوو لە جۆوی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك بە وەكالەت؛ ئەیمی كەترۆنا نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ سووریا بە وەكالەت و زەهرا بێل، بەڕێوەبەری كاروباری سوریا و عیراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەیاندا هەردوولا پشتیوانیی خۆیان بۆ ئازادیی كاری ڕاگەیاندن و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و كاری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی، “كە سیمایەكی گەشی هەرێمی كوردستان و هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكراتە”. لەسەر كەیسی حوكمدراوانی بادیناندا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە “ئەوە بابەتێكی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت”، هەروەها پشتیوانی و پێزانینی خۆی بۆ كاری دیپلۆمات و نێردە دیپلۆماسییەكان لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.

لە ڕاگەیەنراوەكەی حكومەتی هەرێمدا هاتووە، مەسرور بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە “ڕەفتارە نایاساییەكانی حوكمدراوان و خراپ بەكارهێنانی پەیوەندییەكانیان، بە هیچ شێوەیەك گومان لەسەر لایەنە دیپلۆماسییەكان دروست ناكات. حكومەتی هەرێمی كوردستان، كاری دیپلۆماتكارانی ناو هەرێمی كوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەموو ئاسانكارییەكی پێویستیان پێشكەش دەكات”.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عیراق و سوریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، شاندی باڵای ئەمریكا جەختی لە بەردەوامبوونی هاوكاریكردنی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش كردەوە، هەروەها ئاماژە بە گرنگیی كاراكردنی سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەش كرا لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق.

هاوكات تیشك خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی و گرنگیی پابەندبوون بە یاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. هەر لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانكارییەكانی دۆخی سوریا كرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان لایەنە كوردییەكانی سوریا كردەوە لەپێناو برەودان بە ئازادیی كاری سیاسی و فرەلایەنی و هاوبەشیكردن لە دەسەڵاتدا.