سەردێر

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: دەستبەجێ سزادراوانی بادینان ئازاد بكرێن

خەڵك

ڕێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێودەوڵەتی‌ (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) داوای‌ دەستبەجێ‌ ئازادكردنی‌ ئەو 5 ڕۆژنامەنووس و چالاكوانەی‌ بادینان دەكات لەلایەن دادگایەكی‌ هەولێرەوە سزای‌ شەش ساڵ‌ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنرا و دواتریش دادگای‌ تەمیز بە سێ‌ دەنگ بەرامبەر بە دوو دەنگ سزاكەی پەسەند كرد.

ئەمڕۆ 10ی 5ی 2021 ڕێكخراوی‌ لێبووردنی‌ نێودەوڵەتی‌ “amnesty international” لە ڕاگەیەنراوێكدا كە ئاڕاستەی‌ دیندار زێباری‌ ڕێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، ڕایگەیاند: لە 28ی‌ نیساندا دادگای‌ پێداچوونەوە سزای‌ شەش ساڵ‌ زیندانیكردنی‌ بەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی‌ بادینان (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری‌، هەریوان عیسا، ئەیاز ئەكرەم و شڤان سەعید) دا پەسەند كرد.

ڕێكخراوەكە دەشڵێت: دادگای‌ پێداچوونەوەی‌ هەرێم داواكاری‌ تۆمەتبارانی‌ سەبارەت بەوەی‌ ئەشكەنجە دراون و بە خراپی‌ مامەڵەیان لەگەڵ‌ كراوە ڕەتكردەوە و پشتیوانی‌ بۆ ئەو تۆمەتانەی‌ ڕووبەڕوویان كرابووەوە وەك “وەرگرتنی‌ پارە لە كونسوڵخانەكانی‌ ئەمریكا و ئەڵمانیا و ناردنی‌ زانیاری‌ هەستیار بۆ لایەنی‌ دەرەكی‌ و هاریكاریكردنی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان” دەربڕی‌.

ئەمنستی‌ ئینتەرناشناڵ ئاماژە بەوەشدەدات: لە 16ی‌ شوباتدا دادگای‌ تاوانەكانی‌ هەولێر لە دادگاییەكی‌ زاڵمانەدا كە باس لە ئەشكەنجەدان و خراپی‌ مامەڵەكردن دەكرێت، سزای‌ شەش ساڵی‌ بەسەر ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكوانەدا سەپاند.

ئەوەشی‌ خستەڕوو: لەدوای‌ ئەوەی‌ دادگا سزای شەش ساڵ‌ زیندانی‌ بەسەردا سەپاندن، ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانە وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر خراپی‌ شوێنی‌ زیندانیكردنیان دەستیان بە مانگرتن كرد.

ڕێكخراوی‌ لێبوردنی‌ نێودەوڵەتی‌ ئەوەشی خستووەتەڕوو: بەگوێرەی‌ زانیارییەكانمان ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكوانە لەژووری‌ قەرەباڵغدا زیندانیكراون كە شوێنی‌ خەوتن، تەنانەت وەستان و جوڵەشی‌ تێدا نییە.

ڕاشیگەیاندووە: ئەو پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكوانە پێشتر بەزۆر ڕفێنرابوون و تیایاندایە زیاتر لە سێ‌ مانگ ڕفێنراوە.

ڕێكخراوی‌ لێبووردنی‌ نێودەوڵەتی‌، داوا لە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانیش دەكات دەستبەجێ‌ و بەبێ‌ مەرج هەریەك لە (شێروان شێروانی، گوهدار زێباری‌، هەریوان عیسا، ئەیاز ئەكرەم و شڤان سەعید) ئازاد بكات و بەپەلە هەنگاوی‌ پێویست بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی‌ ئەو بڕیارە زاڵمانەی‌ دژیان دراوە و لێكۆڵینەوەیەكی‌ خێرا و بێلایەنیش سەبارەت بەدەنگۆی‌ ئەشكەنجەدانیان و خراپی‌ مامەڵەكردنیان بكرێت تا تاوانباران سزا بدرێن و دادوەری‌ بۆ ئەو پێنج چالاكوان و ڕۆژنامەنووسە بگەڕێتەوە.

ڕێكخراوەكە داواكاریشە تا ئەو كاتەی‌ ئازاد دەكرێن، ئەو سزادراوانەی‌ بادینان چاودێری‌ تەندروستی‌ و سەلامەتییان بۆ دابین بكرێت و ڕێگا بدرێت بەبێ‌ كۆت و بەند چاویان بە پارێزەران و خانەوادەكانیان بكەوێت.