سەردێر

پۆلیسی سلێمانی؛ تۆمەتبارێك بەبڕێك دراوی عێراقی ساختەوە دەستگیركرا

خەڵك
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، كە تۆمەتبارێكیان بەبڕێك دراوی عێراقی ساختەوە دەستگیركرد كە بەنیاز بوو لەناو بازاڕەكانی شارەكەدا ساغی بكاتەوە .

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە مەفرەزەكانی هێزی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیمان تۆمەتبارێكیان بەبڕێك دراوی عێراقی ساختەوە دەستگیركرد كە بەنیاز بوو لەناو بازاڕەكانی شاری سلێمانی ساغی بكاتەوە .

ئاماژەبۆ ئەوەشكراوە، كە ڕۆژی 1ی 5ی 2021 ، پۆلیسی سلێمانی زانیاری دەستكەوت لەسەر تۆمەتبارێك، كە بڕێك دراوی ساختەی پێیە و بەنیازە ساغی بكاتەوە، پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو دوای بەدواداچوون توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو هەمان ڕۆژ لەلایەن هێزی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیربكرێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، كە لەئێستادا تۆمەتبار (س ، ع ، ك ) لەدایكبوی 1975 بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و دانی ناوە بەتاوانەكەیدا، بۆزانیاری زیاتر لەسەر دۆسیەكەو چۆنیەتی هێنان و چاپكردنی ئەم دراوانەی، كە لەئێستادا دەستیبەسەردا گیراوە لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباری دەستگیركراو بەردەوامەو هەر كەسێكیش لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەربچێت دەستگیردەكرێت .