سەردێر

كۆمەڵەی زەحمەتكێشان: دەبێت سنوورێك بۆ سەلەفییەكان لە مەریوان دابندرێـت

داوا لە هاووڵاتیان دەكرێت ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر هێرشی توندڕۆكان بۆ سەر هاووڵاتیانی مەریوان و جوانڕۆ و دارسەیران

خەڵك-

كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەبارەی هەراسانكردنی هاووڵاتیانی مەریوان و جوانڕۆ و دارسەیران لەلایەن توندڕۆ ئیسلامییەكانەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.

كومەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان رایگەیاند، ئێمە داوا لە خەڵكی دارسەیران دەكەین هێمنی خۆیان بپارێزن ‌و لە هەمان كاتدا بە شێوەی مەدەنی ناڕەزایەتی خۆیان ڕابگەیەنن. داوا لە خەڵكی مەریوان و بازار و ڕوناكبیران و كەسایەتییە خاوەن پێگەكانی شار دەكەین پشتی خەڵكی دارسەیران بگرن و دژ بەو هێرشانە بۆ سەریان بوەستن. كار بكەن بۆ ئەوەی دەستی سەلەفی و پیلانگێڕییان كورت بكرێتەوە.

كۆمەڵەی زەحمەتكێشان دەڵێـت: ئێمە بە هەموو ڕەوتی سەلەفی ڕادەگەیەنین كە شۆڕشی كوردستان و بزوتنەوەی جەماوەری شار چیتر ئەو جۆرە كردەوە قیزەونانەیان لێ قبوڵ ناكات. داوایان لێدەكەین ئاسایشی شارۆمەندان تێك نەدەن و لە بەڕەی خۆیان زیاتر پێ دانەكێشن. دڵنیاین لە درێژەی ئەو كردەوانەیاندا دەكەونە بەر توڕەیی هەموو خەڵكی كوردستان.

دەشڵێت: كۆمەڵانی تێكۆشەری خەڵك چیتر ئەو هەموو تەجاوز و پیلانە دژ بە خۆیان قبوڵ ناكەن و كۆمەڵە و هەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی وەك هەمیشە بۆ پتەوتركردنی یەكریزی و له ریزی پێشەوەی جەماوەر پاشەكشە بەو خەون ئاڵوزانە دەكەن.

راشیگەیاند، داوا لە هەموو خەڵك و شار و دێهاتەكانی كوردستان دەكەین دژ بەو پیلانانە ناڕەزایەتی دەرببڕن و بە هەر جۆرێك بۆیان دەكرێ لە خەڵكی مەریوان و دارسەیران پشتیوانی بكەن.