سەردێر

لە هەرێم 148 كاندید خۆیان تۆماركرد

خەڵك-ئارام سەردار

لەهەرێمی كورستان بۆ ٤٦ كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ١٤٨ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان و هاوپەیمانی و پێكهاتەكان كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.

حوسێن رەقیب، بەڕێوەبەری دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لەكۆنفڕاسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوێنێ شەو وادەی تۆماركردنی كاندیدی لایەنە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی عیراق كۆتایی هات و ئەوانەشی تاوەكو ١٥ی نیسان تۆماری بایۆمەتریان كردووە، كارتی دەنگدانیان بۆ دەگەڕێتەوە.

دەشڵێت، لەعیراق ٢٦٧ لایەنی سیاسیمان هەیە خۆیان تۆماركردووە، كۆی ڕێژەی كورسییەكانی هەرێمی كوردستان ٤٦ كورسییە بۆ ١٢ بازنەی هەڵبژاردن كە سلێمانی ١٨ كورسی، هەولێر ١٦ كورسی، دهۆك ١٢ كورسی، لەم ژمارەیەش ٢ كورسی بۆ مەسیحییەكانە.

ئەوەش دەخاتەڕوو، لەهەولێر ٨ كاندیدی سەربەخۆ و ٣٣ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان تۆماركراون، ژمارەی كاندیدی هاوپەیمانیەتی ١٢ كەس تۆماركراون، مەسیحییەكانیش ١٠ كەس خۆی كاندید كردووە كۆی گشتی ٥٣ كاندید، لەپارێزگای دهۆك ٨ كاندیدی سەربەخۆ و ١٨ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان تۆماركراون، ژمارەی كاندیدی هاوپەیمانیەتی ۲ كەس تۆماركراون، مەسیحیەكانیش ۲ كەس خۆی كاندید كردووە كۆی گشتی ٣٠ كاندید.

وتیشی، لەپارێزگای سلێمانی ١٧ كاندیدی سەربەخۆ و ٣٣ كاندیدی لایەنە سیاسییەكان تۆماركراون، ژمارەی كاندیدی هاوپەیمانیەتی ١٥ كەس تۆماركراون، كۆی گشتی ٦٥ كاندید.