سەردێر

هێرشەكەی دوێنێ ئەوە دەخوازێت چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكان یەكلایی بكرێتەوە

خەڵك
پەڕلەمانی كوردستان ئیدانەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی داعش بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و داوا دەكات هەرچی زووترە هەولێر و بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە كوردستانییەكان ڕێكبكەون، دەشڵێت، “هێرشەكەی دوێنێ نیشانیدا دەبێت چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكان یەكلایی بكرێتەوە”.

پەڕلەمانی كوردستان لەبارەی هێرشەكەی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لە پردێ ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كە جارێكی دیكە تاریكپەرستانی داعش لە میحوەری پردێ هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەداخێكی زۆرەوە ژمارەیەك پێشمەرگە شەهید و برینداربوون.

ئاماژەبۆ ئەوەشكراوە، كە مانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و هاوكاریكردن و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگە، بۆ كۆتاییهێنانی یەكجارەكی بە هەڕەشەی تیرۆریستان و ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوبیرەكانیان، كە هەمیشە هەڕەشەن بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان پێویستن .

دەقی ڕاگەیەنراوەكە :
شەوی ڕابردوو لەئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەسنووری پردێ، هەرسێ پێشمەرگە (نەقیب پشتیوان زراری، ئیدریس بەرهەم، هێمن یەحیا سەعید) شەهیدبوون و چەند پێشمەرگەیەكی تریش برینداربوون.
ئەمە یەكەمینجار نییە كە بەمشێوە ترسنۆكانەیە هێرش دەكرێتەسەر هێزەكانی پێشمەرگە، وەك دیارە لەئەنجامی هەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراقی فیدڕاڵ، تیرۆریستانی داعش چەندینجار سوودیان لێوەرگرتووە بۆ هێرش كردنەسەر هێزەكانی پێشمەرگە.
بۆیە لێرەدا داواكارین كەهەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی عێراقی فیدڕاڵ هەبێت و هێزی هاوپەیمانان زیاتر ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕن بۆ كاراكردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی نێوان ئەم هێزانەو هاوكاریی هاوپەیمانان زیاتر بكرێت، هەروەها داواكارین بەگەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ پاراستنی ئەم ناوچانە.
لەكۆتاییدا داواكارین رۆحی شەهیدەكان شادو ئاسوودە بێت و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.
لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان
۱ی ئایاری ۲٠۲۱