سەردێر

“هاووڵاتیانی هەرێم لە هیندستان داوای یارمەتی دەكەن”

خەڵك

بەهۆی مەترسییەكانی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتی هیندستان، ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەوانەی تا ئێستا لەو وڵاتە ماونەتەوە، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن هاوكاریان بكەن بۆ گەڕانەوەیان، بۆ ئەمەش فەرمانگەی پەیوندییەكانی دەرەوە ڕایدەگەیەنێت، ئەوان لە پەیوەندیدان و بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدراڵ دەكەن.

سەفین دزەیی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم بە ماڵپەری فەرمی یەكێتی ڕاگەیاند: لەكاتی ئێستا ژمارەیەك لە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی هیندستان ماونەتەوە و ئێستاش بەهۆی مەترسییەكانی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێك لەو هاووڵاتیانە پەیوەندیان بە ئێمەوە كردووە تا بیانگەڕێنینەوە كوردستان.

سەفین دزەیی وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە لەكاتی ئێستا لە پەیوندیدان بۆ هەماهەنگی و چۆنیەتی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی عیراق لە نێویشیان هاووڵاتیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان.

وتەكانی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكان دەرەوەی هەرێم لەكاتێكدا هەر بەهۆی مەترسی خێرا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە وڵاتی هیندستان، وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە هەوڵدایە هەموو ئەو عیراقیانە بگەڕێنێتەوە كە دەخوزان ئەو وڵاتە جێبهێلن.

هاوكات، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان قەدەغەی گەشتكردنی بۆ ئەو وڵاتە ڕاگەیاندووە ‌و ئەو كەسانەش بۆ ماوەی 14 ڕۆژ كەرەنتینە دەكات كە لەو وڵاتەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان.

جێی ئاماژەیە، بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەكانی جیهان تا ئێستا 18 ملیۆن و 377 هەزار كەس لە هیندستان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 204 هەزار و 832 كەس گیانیان لەدەستداوە. وەك لێپرسراوانی هیندستان ڕایانگەیاندووە ڕۆژانە لەو وڵاتە بە دەیان هەزار كەس تووشی كۆرۆنا گۆڕاوەكە دەبن، كەبەهۆیەوە زیاتر لە هەزار كەس گیان لەدەست دەدەن.