سەردێر

پەروەردە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

خەڵك

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلاندانانی پەروەردە لە ڕوونكردنەوەیەكدا (سەبارەت بەڕانكینگ و پۆلێنبەندی ئاستی فێربوون) ڕایدەگەیەنێت: چەند میدیایەك سەبارەت بە ڕیزبەندی یان پۆلێنبەندی پەروەردەیی هەرێمی كوردستان و عیراق بێ ئەوەی پشت بەسەرچاوەی باوەڕپێكراو ببەستن، ڕاپۆرتی هەڵەیان بڵاوكردووەتەوە، ئەو بابەتە وە لە ڕووی زانستییەوە هیچ بنەمایەكی نییە.

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

ڕوونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلاندانانی پەروەردەییەوە

(سەبارەت بەڕانكینگ و پۆلێنبەندی ئاستی فێربوون)

چەند میدیایەك سەبارەت بە ڕیزبەندی یان پۆلێنبەندی پەروەردەیی هەرێمی كوردستان و عێراق بێ ئەوەی پشت بەسەرچاوەی باوەڕپێكراو ببەستن، ڕاپۆرتی هەڵەیان بڵاوكردۆتەوە. بۆ بەرچاوڕوونی گشتی بەپێویستمان زانی لەم چەند خاڵەدا بابەتەكە ڕوونبكەینەوە:

یەكەم: ئایا كوردستان پێشتر لە كوێی ئەو ڕیزبەندەدا بووە تا ئێستا كرابێتەدەرەوە؟ بفەرموون ڕیزبەندی پەروەردەیی هەرێمی كوردستانمان لە ساڵانی پێشوو نیشانبدەن. تا بزانین پەروەردەی هەرێم لە چ ساڵێكدا و لە چ ڕانكێك و لە چ ئاستێكدا بووە، تا ئێستا دەركرابێ؟ هەر بۆ زانیاری گشتی ئەم بابەت تەنها پڕ كردنەوەی كاتی هەندێك لە میدیاكانە وە لە ڕووی زانستییەوە هیچ بنەمایەكی نییە.

دووەم: سەبارەت بە ڕانكینگی داڤۆس وەك لە میدیاكاندا ناوی هاتووە، عێراق بە هیچ شێوەیەك بەشداری ئەو ڕانكیگەی نەكردوە. هەر وڵاتێك بیەوێت بەشداری لەم ڕانكینگەدا بكات دەبێت سەرەتا زانیاری ورد دەربارەی خوێندن لە وڵاتەكەیدا بدات و تێچووی بەشداریش لە ڕانكینگەكە بدات، كە عێراق بەویستی خۆی بەشداری نەكردوە، سەرەڕای هەموو ئەوانە بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ ڕانكینگی داڤۆس هەر نەكراوە.

سێیەم: دوا بە دوای ئەم بابەتە ئێمە وەك پلاندانی وەزارەتی پەروەردە پەیوەندیمان بە چەندین ڕێكخراوی نیودەوڵەتی وەك یونسێف و یونسكۆوە كرد، ئەو ڕێكخراوانە پێیان ڕاگەیاندین كە لە دوای ساڵی ٢٠١٩وە هیچ هەڵسەنگاندنێكی جیهانی پەروەردەیی باوەڕپێكراو بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و مەترسیەكانییەوە نەكراوە.

چوارەم: لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم پۆلێنكردنە لەلایەن كۆربەندی ئابووری جیهانییەوە كراوە، بە پشت بەستن بە چەندین داتا و ئاماری ڕێكخراوەكانی دیكە، بۆ نمونە داتای ڕووپێوی هێشوویی فرە نیشاندەر MICS هەڵسەنگاندنی فێربوون وەك ( TIMSS, PIRLS, PISA, SACMAQ, ASER,EGRA) هەروەها چەندین سەرچاوەی دیكە ، هەرێمی كوردستان بەشداری هیچ كام لە هەڵسەنگاندنانەی نەكردووە، هەروەها هیچ كاتێكیش داتاكانمان بۆ ئەم كۆربەندانە نەناردووە و هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێك نەیتوانیوە بەشداری ئەم جۆرە پۆلێن كردنانە بكات، چونكە ئەم جۆرە پۆلێنانە تەنها بۆ دەوڵەتانە .

پێنجەم: وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار هەوڵیداوە كە بچێتە ناو ڕیزبەندی ئەم پۆلێنكردنانە، بەڵام ڕێكخراوەكان پێیان ڕاگەیاندووین، كە ئەوان تەنها دەتوانن داتای عێراق وەربگرن و پۆلێنی بكەن، نەك هەرێمێك لە نێو وڵاتێكدا ، لە دواین پەیوەندیمان بۆ پەیمانگای ئاماری یونسكۆ لەبەرواری ( 23/3/2021 ) كە داوامان لێكردوون كارمان لەگەڵ بكەن و ناومان بچێتە نێو ڕانكینگی ئەوان و پێگەی هەرێمی كوردستان لە بەدەستهێنانی ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردەوام ( ئامانجی چوارەم كە تایبەتە بە پەروەردە ) دیاری بكەن، بەڵام رایانگەیاند داتا بەجیا لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگا وەرناگرن و تەنها دەتوانن داتاكانی عێراق وەك وڵاتێك لە پۆلێنەكانی خۆیاندا تۆماربكەن.

شەشەم: سیستەمی پەروەردەی هەرێمی كوردستان كە (k-12)یە، زۆر جیاوازە لەگەل سیستەمی خوێندنی عێراق، كە سیستەمی ( 6-3-3) تەنانەت، جیاوازیشە لەڕووی پرۆگرامەكانی خوێندنیشەوە، بە گوێرەی ڕاپۆرتی چەندین ڕێكخراوی جیهانی، بۆ نمونە ڕاپۆرتی یونسێف كە بە ناونیشانی ( cost for education) ڕاگەێنرا، ئەوە ئاشكراكراوە كە لە ڕووی پەروەردەیی هەرێمی كوردستان باشترە بە بەرواوورد لەگەڵ پارێزگاكانی ناوەراست و خوارووی عێراق، هەروەها ئەگەر سەیری دواین داتای ڕووپێوی فرە نیشاندەر بكەین كە چەندین بوار لە خۆ دەگرێت، یەك لەوانە پەروەردەیە، هەرێمی كوردستان لە چەندین بوار لە پێشەوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراقە.
حەوتەم: ڕێكخراوی یونسێف هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی، بە هۆی كۆكردنەوەی زانیاری و چۆنیەتی و كوالیتی فێربوون لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا كردوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەكەی ڕانەگەیەنراوە. بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئەنجامەكانی بەراورد كردووە بە چەندین وڵاتی دیكە، ڕاستە هەرێمی كوردستان لە دواوەی چەندین وڵاتی پێشكەوتووەوەیە بەڵام لە پێشەوەی چەندین وڵاتی دیكەشە.

هەشتەم : ئەمرۆ دوای ناردنی ئیمەیل بۆ كۆربەندی ئابوری جیهان ( داڤۆس ) ، كۆربەندی ناوبراو بەرێز ( Oliver Jabbour) ی دەستنیشان كرد بۆ مەبەستی روونكردنەوە سەبارەت بەم بابەتە، بۆیە بەڕێز ئۆلیڤەر لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنیەوە لە وەتس ئاپ بە ئێمەی ڕاگەیاند كە ئەم زانیارییە بە شێوەی ڕاپۆرت لە سالێ ٢٠١٩ لە ژێر ناونیشانی (The global competitiveness report ) دەرچووە، لەبەر ئەوەی لە عێراق داتای تەواو نەبووە بۆیە نەمانتوانیوە عێراق بخەینە نێو ئەم ڕاپۆرتە، بۆیە ئەگەر لە داهاتوو عێراق داتا بەردەست بخات ئەوا كاری لەسەر دەكەن .

لەكۆتایدا جەختدەكەینەوە كە ئێمە لەهەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ ئەوەی ڕەزامەندی بەدەستبهێنین وەك هەرێمی كوردستان بەشداربین لە ڕیزبەندی پەروەردەیی جیهانی، لەماوەی ٢٩ ساڵی رابردوو هیچ كات پەروەردەی هەرێمی كوردستان لەو ڕیزبەندیانەدا نەبووە. هاوتەریب بەو هەوڵەش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدرالیش لەهەماهەنگیداین بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستانیش بەشداربێت لە تاقیكردنەوە جیهانیەكان، بەتایبەتی لە بابەتی زانستەكان و بیركاری كە بۆ قۆناغی چوارەم و هەشتەمی بنەڕەتی سازدەكرێن.

ئەوە رادەگەیەنین بواری پەروەردە و فێربوون لەهەموو جیهان بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا روبەرووی ئالێنگاری بۆتەوە واباشترە ئەو جۆرە لە میدیا خوێندنەوەی هەبێت بۆ ئەو دیاردە جیهانیە كە لە ئێستادا هیچ كەرت و كایەیەكی كۆمەڵگاكان وەك سەردەمی پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا نیە.

بەرێوەبەرایەتی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی
٣٠ ی ٤ ی ٢٠٢١