سەردێر

سەرۆكایەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆك كۆماری عیراق كرد و لە كۆبوونەوەكەدا داكۆكی لە پێویستیی تێپەڕاندنی ناكۆكی و ململانێكان و گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا كرایەوە.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩\٤\٢٠٢١ نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق كرد.

لەكۆبوونەوەیەكدا، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەیبوون، دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران، بەتایبەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و چۆنیەتی زەمینەخۆشكردن لەبەردەم پرۆسەكەدا كە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی گەل و هەموو پێكهاتەكانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بكات.

لە كۆبوونەوەكەدا داكۆكی لە پێویستیی تێپەڕاندنی ناكۆكی و ململانێكان و گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا كرایەوە و بەگرنگییەوە باس لە دوایین سەردانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردە و لایەنە عیراقییەكان كرا.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی هێنانەدی یەكڕیزیی نیشتمانی و لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكان كرا بە ئاراستەی تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و یەكخستنی هێز و تواناكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەر و پێشهاتەكان.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بەگشتی تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، تیایدا جەخت لەوە كرایەوە كە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلانی ناوچەكە ناكات.