سەردێر

ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە سبەینێ كۆدەبێتەوە

خەڵك
ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر میكانیزمی كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن و بڕیارە ژمارەیەك پێشنیاز ئامادە بكرێت و بدرێتە لیژنەی باڵای كۆرۆنا لە هەرێم ، كە لە هەفتەی داهاتوودا كۆدەبێتەوە.

خەڵك بەدواداچوونی بۆكردووە، كە بڕیارەی سبەینێ سێشەممە27-4-2021 ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆدەبێتەوە بۆ قسەكردن لەسەر میكانیزمەكانی چۆنیەتی كردنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن و ئامادەكردنی ژمارەیەك پێشنیاز بۆ لیژنەی باڵای كۆرۆنا لەبارەی كردنەوەی قوتابخانەكان.

بە پێی زانیارییەكان، وەزارەتی پەروەردە ئامادەیی تێدایە بۆ ئەوەی پێشوازی لە كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن بكات، ئەگەر وەزارەتی تەندروستی و لیژنەی باڵای كۆرۆنا بڕیاری كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن بدات، بەڵام هێشتا ڕوون نیە، كەوەزارەتی پەروەردە چ پێشنیازێك بۆ میكانیزمی كردنەوەی قوتابخانەكان دەخاتە بەردەم لیژنەی باڵای كۆرۆنا، لەكاتێكدا ڕۆژانە ژمارەی توشبوون بە كۆرۆنا لە هەرێم ڕووی لە هەڵكشانە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە قسە لەسەر ئەوە دەكرێت لەكاتی كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن دەبێت ژمارەی قوتابیانی ناو پۆلەكان بۆ نزیكەی 10 قوتابی كەم بكرێتەوە دەوامیش لە هەفتەیەك تەنها دوو ڕۆژ هەبێت، ئەمە جگە لە ڕێكارەكانی خۆپارێزی توندتر لە جاران .