سەردێر

پەڕلەمانی كوردستان بڕگەیەكی دیكەی بۆ دانیشتنەكەی سبەینێی زیاد كرد

خەڵك
دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بڕیارە سبەی كۆبێتەوە، بڕگەیەكی دیكە بۆ دانیشتنەكە زیادكراوە، كە گفتوگۆیەكی كراوەی ئەندامانی پەڕلەمان لەسەر پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و رێزگرتن لە بەها پیرۆزە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان و ئازادییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ دەبێت .

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا، كە‌ واژووی سەرۆكی پەرلەمانی لەسەرە ‌و ‌ئاڕاستەی گشت ئەندامان كراوە ، تیایدا ئاگاداریان دەكاتەوە، كە ‌بڕگەیەكی دیكە بە ‌ڕیزبەندیی (دووەم) بۆ بەرنامەی كاری دانیشتنی ژمارە (10)ی ئاسایی رۆژی سێشەممە (27ی نیسان2021 ) زیادكراوە.

بەپێی راگەیەندراوی دوێنێی پەڕلەمانی كوردستان، بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی رۆژی سێشەممە ، بریتییە لە”خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی كێشەكانی (منداڵان و هاووڵاتییانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خانەوادەكانیان، بەئامادەبوونی وەزیری (كاروكاروباری كۆمەڵایەتی)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی حوكمی بڕگەی(یەكەم)ی ماددەی (66) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان”.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە ، بڕگەیەكی دیكە بۆ دانیشتنەكەی سبەینێ زیادكراوە، كە بڕگە زیادكراوەكەی دانیشتنی بەیانی لەسەر گفتوگۆیەكی كراوەی ئەندامانی پەرلەمان لەسەر پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و رێزگرتن لەبەها پیرۆزە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان و ئازادییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ دەبێت.

بانگهێشتنامه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ دانیشتنی رۆژی سێشه‌ممه‌ (27ی نیسانی 2021)