سەردێر

باران و هەورەتریشقە هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

خەڵك-
كەشناسی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كە سبەینێ‌ باران لە بەشێكی ناوچەكانی هەرێم دەبارێت و خێرایی با زیاد دەكات و دەشڵێت: “سێ‌ شەممە باران ناو شارەكان دەگرێتەوە”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سبەی دوو شەممە ئاسمانی هەرێم بە گشتی نیمچەهەور و هەوری تەواو دەبێت و پێشبینی باران بارین لە هەندێ كات بۆ سەر ناوچە شاخاوییە سنووریەكان و بەرزەكانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ دەكرێت، كە سەرەتا ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و پاشان ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، خێرایی با زیاد دەكات و ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ بۆ زۆربەی ناوچەكان هەیە، كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی مەودای بینیی ئاسۆیی و ستوونی و خێراییەكەی لە نێوان (20-35) كم لە كاتژمێرێكدا دەبێت و هەندێ ناوچە بۆ سەرووی 35كم لە كاتژمێرێكدا.

ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی سێ شەممە كاریگەری ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی لە كەشی ناوچەكەمان بەردەوامی دەبێت و پێشبینی باران بارین لە سەنتەری پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە بەشێوەی نمە باران هەیە لە هەندێ كات و هەورە تریشقەش لە كاتی باران دەبێت.