سەردێر

پێشمەرگەیەک داوای بەهاناوەچوونی منداڵەکانی دەکات

خەڵک – ئارام سەردار

پێشمەرگەیەک، کە باوکی دوو منداڵە و منداڵەکانی توشی نەخۆشییەکی دەگمەن بوون و پێویستییان بەچارەسەرە لەبەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران داوای بە هاناوە چوون دەکات.

پێشمەرگە و شڤان، ئەو دوو منداڵەن کە توشی نەخۆشیەکی دەگمەن بوون، بۆ داوای چارەسەریشیان ئەمڕۆ رزگار نوعمانی باوکیان،  بە جلوبەرگی پێشمەرگایەتییەوە لەگەڵ دوو کوڕە نەخۆشەکەی چووە بەردەم بینای ئەنجومەنی وەزیران و هانای بۆ سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی تەندروستی برد، تا چارەسەرێک بۆ نەخۆشی منداڵەکانی بدۆزنەوە.

ئێرە کلیک بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە

رزگار نوعمان، دەڵێت؛ منداڵەکانی چارەسەریان لە دەرەوە هەیە و ئەگەر فریامان نەکەون چاوی کوڕە گەورەکەم کوێر دەبێت.

رزگار نوعمان، پێشمەرگەی لیوای 2ی پیادەی سەر بەهێزەکانی 80 پارتیە و ماوەی 15 ساڵە پێشمەرگەیە و دوو جار لەشەڕی دژی داعش بریندار بووە، لە خۆشەویستی بۆ پێشمەرگە، یەکێک لە کوڕەکانی ناوناوە پێشمەرگە.

منداڵەکانی ئەو پێشمەرگەیە پێویستیان بەوە هەیە بەردەوام جۆرە دەرزییەکیان بۆ بەکاربهێنرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو دەرزیە لە کوردستان نیە و داوا دەکات بەپەلە ڤیزای ئەوروپای بۆ دابین بکەن، وەک خۆی دەڵێت لە وڵاتی ئەڵمانیا چارەسەریان هەیە.

دەشڵێت، منداڵێکیانم ٦ ساڵ و ۷ مانگە نابێت تەمەنی بگاتە ۷ ساڵ پێویستە دەرزی ئەنزیمی بۆ بەکاربێت، هەموو هەفتەیەک دەبێت بەکاربێت بەناوی دەرزی لاگزیم کە بەشی یەکساڵ بۆ هەردووکیان ٤٨ دەفتەر دۆلار خەرجی دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، نەخۆشی منداڵەکانی MPS کەیسی شەشە کە نەخۆشیەکە دەگمەنە لەهەموو عیراق ١٦ نەخۆش هەیە دوو نەخۆشیان کوچی دواییان کردوە و ١٤ نەخۆش ماون.