سەردێر

حكومەتی هەرێم پلانی وشكەساڵی دادەڕێژێت

خەڵك
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كەمی ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ ئاستی عەمباركراوی هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان بە شێوەیەكی بەرچاو كەمكردووە و دەشڵێت،”وشكەساڵی كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی ھەیە”.
ئاری ئەحمەد ، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەرێمی كوردستان بە میدیایی پارتی ڕاگەیاندووە، بەهۆی كەمی ڕێژەی بارانبارینەوە ئەمساڵ هەرێم بەرەو وشكەساڵی دەچێت، كە وشكەساڵی و كەمی بارانبارین ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر ئاو هەیە.

ڕاشیگەیاندووە، پێشبینی كەمبوونەوەی ڕێژەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی دەكەین لە هەرێمی كوردستان، چونكە هەر لە ئێستاوە ئاستی عەمباركراویه بەنداوی دووكان و دەربەندیخان بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەئێستادا بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو خەریكی ئامادەكردنی ڕاپۆرتە لەبارەی پرسی وشكەساڵی و لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و سەرۆكایەتی حكوومەتیش كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی ڕێكاری پێویست بۆ وشكەساڵی بگرینە بەر و لە كاتی هەبوونی ھەر ڕووداوێك بەھۆی وشكەساڵییەوە ھەوڵ بدەین زیانەكان كەم بكەینەوە.