سەردێر

هەپەگە؛ گەریلا لە بەرواری باڵا گورزی قورسیان لە سوپای توركیا وەشاند

خەڵك
هێزەكانی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنێت، گەریلاكانی هەپەگە لە دەوروبەری گوندەكانی هرۆرێ و كەستا لە ناوچەی بەرواری باڵا گورزی قورسیان لە سوپای توركیا وەشاند، كە دەیانویست بچنە ناو هەرێمی مەتینا.

هێزەكانی پاراستنی گەل ( هەپەگە ) لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە ، سوپای توركیا كاتژمێر 8ی شەوی ڕابردوو هێرشی بۆسەر هەرێمی مەتینا لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا دەستپێكرد و ویستی سەربازەكانی لە چیاكانی دەرار، كۆردینە و ستونا لە زەندورا دابەزێنێت، هەروەها لە ڕێگەی زەمینیشەوە دەستی بە هێرش كرد.

ئاماژەبۆ ئەوەشكراوە، كە هێزەكانی سوپا دوای هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچەكانی دەرار، كۆردینە و ستونا لە زەندورا سەربە هەرێمی مەتینا، بە هیلیكۆپتەری كۆبرا و سكۆرسكی ئەو ناوچانەی بە چڕی بۆردوومانكرد.

ئەوەشخراوەتەڕوو، كە كاتێك سوپای توركیا ویستی سەربازەكانی لە زەندورا دابەزێنێت ، لەلایەن گەریلاكانی هەپەگەوە كرایە ئامانج و نەیانتوانی سەربازەكانیان دابەزێنن.

ئاشكراشیكردووە، كە گەریلاكانی هەپەگە لە پشت گوندەكانی هرۆرێ و كەستا لە ناوچەی بەرواری باڵا گورزی قورسیان لە سوپای توركیا وەشاندووە كە ویستوویانە بەرەو مەتینا بچن، سوپاش نەیاتوانی پێشڕەوی بكەن، بۆیە ناوچەكەیان تۆپباران و بۆردوومانكرد.