سەردێر

زێباری لەسەر سزادراوانی بادینان وەڵامی هیومان ڕایتس وۆچ دەداتەوە

خەڵك

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم وەڵامی ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی چاودێریكردنی مافەكانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) لەبارەی دادگاییكردنی ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و چالاكوانی بادینان دەداتەوە و دەڵێت”بڕیاری دادگا پەیوەندی بە كاری ڕۆژنامەوانی تۆمەتبارانەوە نەبووە”.

ریَِكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردییدا ڕاگەیەنراوێكی لەسەر سزادراوانی بادینان بڵاوكردبووەوە و تیایدا باسی لەوەكردبوو، پڕۆسەی دادگاییكردنیان “كەموكوڕیی گەورە”ی تێدابووە و لە “ئاستی باڵا”دا دەستتێوەردانی سیاسیی كراوە.

لەوەڵامی ئەو ڕاپۆرتەدا دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە ڕاگەیەنراوێكدا وتی”دادگا سەربەخۆیە لە حكومەت و دامەزراوە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان”.

زێباری ئاماژی بەوەشداوە، حكومەتی ھەرێم دەست لە پڕۆسە یاساییەكان وەرنادات. هاوكات، دەستبەسەركردن و دەستگیركردن تەنیا بە بڕیاری دادگا جێبەجێدەكرێن. ئەم ڕاگیراوانە لە بادینان تاوانباربوون بە كۆكردنەوەی زانیاری نهێنی و پێدانیان بە لایەنی بیانی بە بەرامبەر، ئەم زانیاریانە ڕاستەوخۆ ژیانی بەرپرسانی باڵای كورد و بیانی لە كوردستان دەخستە مەترسییەوە.”