سەردێر

وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم داوایەك لە لایەنە سیاسییەكان دەكات

خەڵك

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانى هەرێم لە پەیامێكدا داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكات، فەرمان بە دەزگا میدیاییەكانیان بكەن كە دوور بكەونەوە لە شێوازی ناشارستانی كاری میدیایی و بە تەواوی ڕەچاوی پێوەرە جیهانی و ناوخۆكانی كاری ڕۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندكاری بكەن.

دەقی پەیامەكە:

پەیامێك لەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانەوە
بۆ بەڕێزان گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و
رۆژنامەنوسان و راگەیاندكارانی ئازیز.
بابەت/ پەیامی میدیایی هاوسەنگ و سەنگین

راگەیەنراوی بارەگای بارزانی كە لە ٢٠٢١/٤/٢٠ دا بڵاوكرایەوە و تایبەت بوو بە پەیامی بەڕێز كاك مەسعود بارزانی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیایی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەناوەڕۆكیدا بەڕێزیان فەرمانی بەو دەزگایانە كردووە، خۆیان بە دوور بگرن لە دیاردەی ناپەسەندی بەكارهێنانی زمانی زبر لە ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا. ھەروەھا بەڕێز كاك كۆسرەت سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی وبەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەیادی ١٢٣ سالەی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا، پەیامێكی بڵاوكردەوە، داوا دەكات ڕۆژنامەنووسان پابەندی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی بن و بابەتیانەو پیشەییانە ئەركەكانیان جێ بەجێ بكەن و دووربكەونەوە لە زمانی تەشھیر و ھاندانی توندوتیژی.

ئێمە وێڕای دەستخۆشی و سوپاسگوزاریمان، بۆ ئەم دوو هەڵوێستە، بە ھەلی دەزانین لە یادی ١٢٣ ھەمین ساڵەی ڕۆژنامەگەری كوردیدا لەبەر ڕۆشنایی ئەم دوو پەیامە، ئەم پێشنیارانە بۆ ھەموو لایەك بخەینە ڕوو.

یەكەم: گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان (ئەوانەی لەدەسەڵاتن و ئەوانەش كە ئۆپۆزسیۆنن) بەهەمان شێوە فەرمان بە دەزگا میدیاییەكانیان بكەن كە دوور بكەونەوە لە شێوازی ناشارستانی كاری میدیایی و بە تەواوی ڕەچاوی پێوەرە جیهانی و ناوخۆكانی كاری رۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندكاری بكەن، بە تایبەتیش ڕەچاوی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن.

دووەم : وا باشترە گشت حزب و لایەنە سیاسیەكان خەڵك و جەماوەری خۆیان بە ئاقاری پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵگای كوردستانەوە هانبدەن و ئاراستەیان بكەن و دووریان بخەنەوە لەهەموو جۆرە دیاردەیەكی توندڕەوی و سڕینەوەی یەكتری و بێ ڕێزیكردن بە نەتەوەو مێژووی كوردستان و سەروەرییەكانی.

سێھەم : كەناڵەكانی ڕاگەیاندنیش پابەندی ئیتیك و موڕاڵی رۆژنامەوانی بن و ڕێز لە ئادابی گشتی و ڕەوشتی بەرزی كوردەواری بگرن و نەبنە ھۆكار بۆ زیاد بوونی توندو تیژی و كێشەی كۆمەڵایەتی.

پێوستە ھەمووان بەتایبەت لایەنە سیاسیەكان دور كەونەوە لە ھاندان و پشتگیری كردنی ئەو سایت و لاپەڕەو ڕایەڵە ئەلیكترۆنییانەی تۆڕی كۆمەڵایەتی كە خەریكی تەشھیر و سوك كردنی بەھاكانی كۆمەڵگان كە زۆربەیان سێیبەر و ھەڵگری بیرو باوەڕی لایەنە سیاسیەكانن، بەبێ جیاوازی.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ھەمیشە پشتگیری لە فراوان كردنی پانتایی زیاتری ئازادی ڕادەربرین و كاری راگەیاندن دەكات.

ئێمە جارێكی تر وێڕای دەستخۆشی لە بڕیار و پەیامی كاك مسعود بارزانی و كاك كۆسرەت، داوا لە سەرۆك و سەركردەكانی لایەنە سیاسییەكان دەكەین لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی، پەیام و بڕیاری خۆیان ئاراستەی میدیاكانیان بكەن، پەیامێك روەو ئاشتەوایی و یەكڕیزی و پاراستنی بەھا بەرزەكانی كوردەواری بێت، چونكە بە ڕاست ھەرێمی كوردستان و ھەموو لایەك لەبەردەم مەترسیەكی ڕاستەقینە داین.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
٢٠٢١/٤/٢٢