سەردێر

میسر ڤاكسینی سپۆتنیك ڤی ڕوسی بەرهەم دەهێنێت

خەڵك
سندوقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕوسی لەگەڵ كۆمپانیایەكی میسری ڕێكە كەوتووە كە ساڵانە زیاتر لە 40 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی سپۆتنیك ڤی ڕوسی بەرهەم بهێنێت.

سندوقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕوسی لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە لەگەڵ كۆمپانیای مینای میسڕی بۆ پیشەسازی دەرمان ڕێكەوتوون، لەسەر ئەوەی ساڵانە زیاتر لە 40 ملیۆن ژەمە ڤاكسینی سپۆتنیك ڤی ڕوسی بەرهەم بهێنێت.

سندوقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕوسی كە بەرپرسە لە فرۆشتنی ڤاكسینەكان بە دەرەوە ڕاشیگەیاندووە، هەردوولا ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەی بەزووترین كات تەكنەلۆجیای بەرهەمهێنانی ڤاكسینەكە بگوازنەوە و واپێشبینی دەكرێت لە چارەكی كۆتایی ئەم ساڵدا بەرهەمهێنانەكە دەستپێبكات.

لە ڕاگەیەنراوەكەداهاتووە، سندوقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕوسی و مینا فاڕم سەرەتا ساڵانە زیاتر لە 40 ملیۆن ژەمە ڤاكسین بەرهەم دەهێنن، بەرهەمهێنانەكە لە كارگەی مینا فاڕم دەبێت بۆ تەكنەلۆجیای زیندەزانی لە قاهیرە.