سەردێر

مەسرور بارزانی: پێویستە ڕۆژنامەوانان ڕێز لە كاری ڕۆژنامەوانیی خۆیان بگرن

خەڵك

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و تێپەڕبوونی 123 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە، قۆناغی ئێستا لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە ڕۆژنامەوانییەكی پیشەییە.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا بەبۆنەی ڕۆژی رۆژنامەگەریی كوردی و تێپەڕبوونی 123 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان، كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، پیرۆزبایی لە سەرجەم ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەوانانی كوردستان كردووە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت “ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان، بزاڤی ڕۆژنامەوانی، دەرفەتێكی زێڕینی بۆ ڕەخساوە و پێی ناوەتە قۆناغێكی پێشكەوتوو، بەجۆرێك كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان، سەدان دەزگای هەمەجۆری ڕاگەیاندن هەن و بەوپەڕی ئازادییەوە، كاری خۆیان دەكەن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، بە شانازییەوە، كاری بۆ چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی ئازادیی میدیایی و دیموكراسی كردووە و هەمیشە پەرۆشی ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو بووە بۆ كاری ڕۆژنامەوانیی”.

مەسرور بارزانی لە پەیامەكەیدا باسی لەوە كردووە “قۆناغی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە ڕۆژنامەوانییەكی ڕاستەقینە ‌و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە ڕۆژنامەوانانی كوردستان، لەڕێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، ڕێز لە كاری ڕۆژنامەوانیی خۆیان بگرن، بۆئەوەی بە جوانترین شێوە كاری خۆیان ئەنجام بدەن و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پیشەكەیان بكەن و پەیامەكەیان، لە خزمەتی ئامانجە نیشتمانییەكاندا بێت”.

لە كۆتاییشدا ئەوەی خستووەتەڕوو “بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانینە خەبات و تێكۆشانی ڕۆژنامەوانە پێشەنگەكانی كوردستان، ئەوانەی خزمەتێكی زۆری كاروانی ڕۆژنامەوانیی كوردی و مافە ڕەواكانی گەلی كوردستانیان كردووە”.