سەردێر

مامۆستایانی ناڕازیی پەیامێكیان بڵاوكردەوە

خەڵك

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیی پەیامێك ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم دەكات ڕایدەگەیەنێت، خوێندنی بەناو ئەلكترۆنی بەم میكانیزم و شێوازەی ئێستا ڕەتدەكەنەوە.

دەقی پەیامەكە:

لە ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازییەوە.

لای هەمووان ئاشكرایە ماوەی شەش ساڵە مامۆستایان لە خەباتێكی مەدەنی بەرفراواندان دژی بێحورمەتیەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرامبەر بە پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان.
لە نوێترین بێحورمەتیكردنیدا بڕیاری بە ئەلكترۆنی كردنی خوێندنی داوە بەبێ هیچ ئامادەكارییەكی پێویست.

هاوكات سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی و ڕێكەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد دەیەوێ درێژە بەو كارە نایاسایی و دزییە ئاشكرایەی بدات و كۆتایی بە لێبڕینی مووچەی مووچەخۆڕان نەهێنێت.

بۆیە بە پێویستی دەزانین لێرەدا هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێكدا بخەینەڕوو.
١ـ لە ئێستادا هیچ پاساوێك نەماوە بۆ درێژەدان بەو كارە نایاسایی و دزییە ئاشكرایەی بەناو لێبڕینی مووچە لە فەرمبەران دەكرێت و پێویستە بە زووترین كات كۆتایی پێ بهێنرێت.
٢ـ هاوكات پێویستە كۆتایی بەكاری نایاسایی ڕاگرتنی پلەبەرزكدنەوەی مووچەخۆران بهێنرێت و بە زووترین كات پلەبەرزكزدنەوە دەست پێ بكاتەوە.
٣ـ بەزووترین كات داكۆكی كارانی مافی هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی دەڤەری بادینان ئازادبكرێن بە تایبەتی مامۆستا بەدەل بەرواری.
٤ـ خوێندنی بەناو ئەلكترۆنی بەم میكانیزم و شێوازەی ئێستا ڕەتدەكەینەوە و پێمان وایە زیانەكانی زۆرترە لە سوودەكانی و باشترین چارەسەر كردنەوەی دەرگا خوێندنگاكانە بە دابینكردنی ڕێكاری خۆپارێزی تەندروستی.

لە كۆتاییدا ڕای دەگەیەنین وەك هەمیشە و بەهیچ جۆرێك ئەو دزی و ستەمكارییانەی دەسەڵات قبوڵ ناكەین و هەموو ڕێكارێكی مەدەنی و شارستانی لە مانگرتن و خۆپیشاندان و جۆرەها ڕێكاری تر دەگرینەبەر.

ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی
٢١/٤/٢٠٢١