سەردێر

بڕی زەکاتی سەرمایەدارەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرا

خەڵک

سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان، دەڵێت؛ گەر سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانی هەرێمی کوردستان وەک پێویست زەکات لە سامانەکانیان بدەن، سوودێکی زۆری بۆ هەژار و کەمدەرامەتان دەبێت و ئەوەش دەخاتە ڕوو کۆی پارەی زەکاتی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كوردستان، زیاتر له‌ 750 ملیۆن دۆلاره.

یاسین مەحموود ڕەشید؛ وتەبێزی یەکێتی وەبەرهێنەران و سەرۆکی لقی سلێمانی هەمان یەکێتی، بۆ(خەڵک) وتی؛ ئه‌مساڵ كۆی پاره‌ی زه‌كاتی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی كوردستان، زیاترە له‌ 750 ملیۆن دۆلار، کە بڕێکی باشە تا بتوانرێت هاوکاریی و دەستگیرۆیی هەژاران و کەمدەرامەتانی پێبکرێت.

 

دەشڵێت؛ ساماندارەکان ئه‌گه‌ر وه‌ك خۆی زەکاتی دیاریکراو بده‌ن، بڕێكی باش کۆ دەبێتەوە، بەوپێیەی ئامارەکانی لای یەکێتییەکەیان دەریخستووە؛ هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌س سامانەکانیان سه‌رووی (5) ملیۆن دۆلاره‌ و 13سه‌رمایه‌داریش له‌ سه‌رووی ملیار دۆلاره‌وه‌ن.

 

یاسین محمود، ئەوەشی وت؛ لەرووی دەرکردنی زەکاتەوە لە هەرێمدا ڕێوشوێنی گونجاومان نییە، بەشێوەیەکی پەرت و بڵاو زەکات دەدرێت و کۆدەکرێتەوەکە بەو پارە زۆرەی زەکاتی سەرمایەداران دەتوانرێ چەند کاری گرنگ و گەورە ئەنجام بدرێن.

 

ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان پێشتر لە فەتوایەكدا ڕێژەی زەكات و سەرفیترە و فیدیەی ڕۆژووی دیاریكرد، كە بۆ زەكات لە 7 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات، و بۆ هەر ملیۆنێك بڕی 25 هەزار دینار زەكاتی دەبێت لێ‌ بدرێت.

هەر بەپێی فەتواكە، بۆ سەرفیترە بڕی 3 هەزار دینار دیاریكراوە بۆ یەك كەس بۆ تەواوی مانگی ڕەمەزان و هەروەها بۆ فیدیەی ڕۆژوو بڕی 3 هەزار دینار دانراوە، كە ئەگەر كەسێك یەك ڕۆژ بەڕۆژوو نەبێت دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات.

 

جێی باسە، زەكات لەسەر بنەمای ئاڵتون دیاری دەكرێت و دەشكێنرێتەوە بە پارە، بەڵام سەرفیترە و فیدیە لەسەر بنەمای نان خواردنی یەك ژەمی كەسێك دیاری دەكرێن.