سەردێر

هاتووچۆی هەولێر: لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا كەسێك سەری لە جەستەی جیابووەوە

خەڵك

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر ڕێگای باسرمە – هەریر ڕووداوێكی هاتووچۆ ڕوویداو و بەهۆیەوە كەسێك گیانی لەدەستدا، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێریش دەڵێت، “شۆفێری بارهەڵگرەكە سەری لێبووەتەوە و گیانی لەدەستداوە”.

مقەدەم فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاند، كێشەیەكی كۆمەڵایەتی بەهۆی موڵكداری لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبووە، چەند كەسێك لە بنەماڵەیەكیان بە چەكەوە بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان سەنی دەچن بۆ شەڕ و ئۆتۆمبێلەكە لە ناوەندی ڕێگەی خێرا لەنێوان هەریر – باسرمە جێدەهێڵن.

دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەیان لەسەر ڕێگاكە جێدەهێڵن، بارهەڵگرێك بە خێراییەكی زۆر خۆی دەكێشێت بە ئۆتۆمبێلەكەدا و بەوهۆیەوە وەردەگەڕێت. فازڵ حاجی وتیشی، “شۆفێری [بارهەڵگرەكە] كۆنتڕۆڵ لەدەست دەدات و بۆ دیوێكی تری ڕێگەكە دەچێت و وەردەگەڕێت.”

لەكاتی وەرگەڕانی بارهەڵگرەكە شۆفێرەكەی لە ئۆتۆمبێلەكە بەردەبێتەوە و دەكەوێتە ژێرییەوە، فازڵ حاجی ئاماژەی بەوەشكرد، “بەداخەوە یەكسەر سەری لە لاشەی جیابووەتەوە.”

سەبارەت بە دیاریكردنی لایەنی خەتاباری ڕووداوەكە، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەدا، “شۆفێری نیسان سەنییەكە بە خەتاباری سەرەكی ڕووداوەكە دانرا.”