سەردێر

نۆ دەستگیرکراوی تری بادینان دادگایی دەکرێن

 

خەڵک-بەشی هەواڵ

یەکێک لەپارێزەرانی کەیسی گیراوانی بادینان ئاشکرای دەکات، بەهەمان تۆمەتی ئەوانی پێشووتر لەلایەن ئاسایش کەیسی 9 لە دەستگیرکراوانی تری بادینان ئاڕاستەی دادگا کرا و دادگایی دەکرێن.

بەشدار حوسین، پارێزەری کەیسی گیراوانی بادینان لەبەردەم دادگای هەولێر لەکۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،بەهەمان تۆمەتی ئەوانی پێشووتر لەلایەن ئاسایش کەیسی 9 لە دەستگیرکراوانی تری بادینان ئاڕاستەی دادگا کرا و دادگایی دەکرێن، هەرچەندە ڕۆژی دادگایی دیارنیە بەڵام پێدەچێت لەمانگی پێنجی ئەمساڵ دادگایی بکرێن و تاکو ئێستاش لەدادگا مەلەفی ئەو چالاکوانانە نەدراوەتە دەستی پارێزەران.

دەشڵێت، ئەوەی جێگای سەرنجە سەڕەڕای ئەوەی ئەو گیراوانە هەموویان چاڵاکی مەدەنین، بەڵام ناونیشانی ئەو چالاکوانانەی گۆڕیوە بۆ کاسبکارو پیشەی جیاواز و کەیسەکەشیان بەهەمان یاساو ماددەی چالاکوانەکانی پێشووە بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی.

ئەوەشی خستەڕوو هاوشێوەی گیراوەکانی تر ڤیدیۆی دانپێدانان لەگەڵ ئەم چالاکوانانەش تۆمارکراوە، بەداخەوە بەهۆی فشار و چاوسوورکردنەوە دوو لەو چالاکوانانە ڕاهێنراون کە ئێمە وەک پارێزەر ڕەتبکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بریکارنامەمان لەژوورەوەیە و دادوەری دادگاش بڕیاریداوە پەنجەمۆربکەن بۆ ئەوەی وەک پارێزەر کاربکەین.

لەبارەی تەمیزکردنەوەی پێنج سزادراوەکەی تریش بەشدار حوسین وتی، تاکو ئێستاش ئاسایش ڕێگەنادات سەردانیان بکەین کە پێچەوانەی ڕێکارە یاساییەکانە، بیانووشیان بۆ ئەوەی ڕادەستی چاکسازی نەکراون گوایە چاکسازی هەولێر نۆژەن دەکرێتەوە، بەڵام دەکرێت ئەوانە خەڵکی بادینان ڕەوانەی چاکسازی بادینان بکرێنەوە، بۆ ئەوەی کەس و کاریان بتوانن سەردانیان بکەن، دادگای تەمیزیش هێشتا لەلێکۆڵینەوە دایەو بڕیاری کۆتایی نەدراوە.